دەخولێمەوە
هەروا بە داخی خونچەوە دەخولێمەوە لە باغ
هەرواش کەچی بە داخەوە نەمدی لەوی سۆراغ
لالەم دەدی لە باغ وەکوو ساقی لە مەجلیسا
دێت و دەچێ بە باوە، بە دەستی هەبوو ئەیاغ
چاوی ڕوابوو نێرگسی بێچارە بۆ گوڵی
ئێشا دڵی کە خونچەگوڵی جەرگی کربوو داغ
شەوبۆ و هەڵاڵە، لالە و نەسرین لە ڕۆژپەڕا
جوان بوون لە گوڵشەنا، هەموو بووبوون بە شەوچراغ
تۆرا، لە باغ و گوڵشەن «ئیمامی» وەدەرکەوت
ڕووی کردە چۆڵ و بەندەن و سارا و شاخ و داغ
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]