گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ناوەڕاستی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی جووتیاران و ھەر جووتیارێک خۆی تۆمار نەکات، لە پڕۆسەی وەرگرتنی بەرھەمی دانەوێڵە لە ساڵی داھاتوو بێبەش دەکرێت.
ھیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، ڕایگەیاند: پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوی جووتیاران بەردەوامە و ڕۆژی #15-12-2023# دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی ناوی جووتیاران، ھەر جووتیارێکیش ناوی خۆی تۆمار نەکات، بێبەش دەکرێت لە پڕۆسەی وەرگرتنی دانەوێڵە لە ساڵی ئاییندە 2024، چونکە بەپێی ئەو تۆمارە نوێیە بەرھەمی گەنمی ساڵی داھاتوو لە جووتیاران وەردەگیرێت و بە پێچەوانەوە جووتیار مافی نامێنێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ وتیشی: ھەموو ئەو ناوانەی تۆمار دەکرێن، دەخرێنە سەر لیستی وەزارەتی بازرگانیی ئێراق و ھەر جووتیارێک ڕووبەری زەوییەکەی چەندە و بەرھەمی چەند داچاندووە دەکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی بەرھەمی ساڵی داھاتوو، دوای کۆتاییھاتنی پڕۆسەکە ژمارەی ئەو جووتیارانە دیار دەبێت کە خۆیان تۆمار کردووە، چونکە ئێستا پڕۆسەکە بەردەوامە و دوا ئامار نەگەیشتووەتە لای ئێمە.
ھیوا عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: لە ھەرێمی کوردستان شەش ملیۆن دۆنم زەوی بۆ دانەوێڵە ھەیە، بەڵام ساڵی ڕابردوو تەنیا دوو ملیۆن و 500 ھەزار دۆنم داچێندرابوو، ئەمساڵیش 2023 وەرزی چاندن لەلایەن جووتیارانی ھەرێمی کوردستانەوە دەستی پێ کردووە. [1]