بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە هەرێمی کوردستان هەزار و 422 کەس فەرمانی گرتنیان هەیە و تا ئێستا دەستگیر نەکراون. زۆرینەی تۆمەتبارەکان لە سنووری پارێزگای #سلێمانی# و #هەولێر#ن.
لیوا تاریق ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەزار و 422 تۆمەتباری داواکراو لە هەرێمی کوردستاندا هەن، کە لەلایەن دادگاکانەوە فەرمانی گرتنیان هەیە و بەڵام هێشتا دەستگیرنەکراون.
بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە ساڵی 2021ەوە ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵای هاوبەش بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە پێکهێنراوە، کە لەلایەن داداگاکانەوە داواکراون و هێشتا دەستگیرنەکراون.
لیوا تاریق ئەحمەد، کە هاوکات سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵای هاوبەشە، ئاشکرای کرد، تا پێش پێکهێنانی ژوورەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی فەرمانی گرتنیان هەبووە و دەستگیرنەکراون، پێنج هەزار و 920 داواکراو بووە، کە ماوەی چەندین ساڵ فەرمانی گرتنیان هەبووە. بەڵام ئێستا، لەو ژمارەیە، تەنیا هەزار و 422 تۆمەتبار ماون دەستگیر بکرێن.
بەگوێرەی ئامارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵای هاوبەش، زۆرینەی داواکراوە دەستگیرنەکراوەکان لە سنووری چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و هەولێرن، بەم شێوەیە:
پۆلیسی پارێزگای هەولێر، 582 تۆمەتباری دەستگیرنەکراو.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی: 661 تۆمەتباری دەستگیرنەکراو.
پۆلیسی پارێزگای #دهۆک#: تەنیا 13 تۆمەتباری دەستگیرنەکراو.
پۆلیسی پارێزگای #هەڵەبجە#: تەنیا 13 تۆمەتباری دەستگیرنەکراو.
پۆلیسی #سۆران#: تەنیا 50 تۆمەتباری دەستگیرنەکراو.
پۆلیسی #گەرمیان#: تەنیا 43 تۆمەتباری دەستگیرنەکراو.
پۆلیسی #زاخۆ#: تەنیا 9 تۆمەتباری دەستگیرنەکراو.
پۆلیسی #ئاکرێ#: تەنیا 4 تۆمەتباری دەستگیرنەکراو.
هەرچەند، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆی گشتی ئەو داواکراوانەی فەرمانی گرتنیان هەیە، هەزار و 422 تۆمەتباری دەستگیرنەکراون، بەڵام ئەو ئامارانەی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا و بەگوێرەی پارێزگا و ئیدارەکان خستییەڕوو، بەسەریەکەوە دەکاتە هەزار و 375 تۆمەتباری دەستگیرنەکراو و بەو شێوەیەش وا دەردەکەوێت، هەڵەیەک لە ژمارەکان بەگوێرەی ناوچەکان هەبێت. [1]