تەرازووی خێر و شەڕ
حیسابی خۆم دەکرد ئەمڕۆ لەگەڵ ئیحسان و عیسیانم
کەچی ئەم گەییە ئاسمان، ئەو لە عەرزە، ماڵی وێرانم
تەرازووی خێر و شەڕ ئێستا کەوایە ئەی خودا ڕەحمێ!
لە عیسیانم کەسر کە، بیخە تای خێرات و ئیحسانم
بەبێ تاعات و خێر و زیکر و فیکر و چاکە سەرشۆڕم
لەنێو عالەم چلۆن تا ئێستە ماوم، چۆن بوو، نازانم؟!
بەشەر میوانە یا ڕەب تۆی کە خاوەن سفرە و خوانی!
بەڕێز گیراوە میوان و لەسەر ئەو سفرە میوانم
ئەگەر فەرمووت بڕۆ لەم سەرزەمینە، دەچمە ژێر عەرزی
بەڵام لەو ژێرزەمینەشدا توفەیلی خوانی سوڵتانم
بە ڕەحم و لوتفی تۆوە گەر بڕۆم باکم نییە هەرگیز
ئەگەرچی جێم لەژێر عەرزە، لەسەر تەختی سولەیمانم
سەراپا نوورم و ڕووناک، ئەگەر لوتفت لەگەڵ من بێ
بە شەوق و زەوقەوە دەمرم، شەمی شامی غەریبانم
ئەگەر لوتفت نەبێ دوور بی لە تاریکیی و تەنیایی
قڕم دێت و دەڵێم: کوا یارەکانی جاری جارانم؟
لەژێر باری گرانی مەعسییەت لەو گۆڕەدا «کامیل»
دەڵێ: ئەی خاک بەسەر خۆم! کوا ئەمن ئەو کۆڵە دەتوانم؟
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]