سکرتێری گشتی #یەکێتی ئافرەتانی کوردستان# لە مەراسیمی کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتی ئافرەتان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: یەکیتی ئافرەتان ڕێکخراوێکی جێی متمانەی ئافرەتانی کوردستانە بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان.
د. #ڤیان سلێمان# سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە وتارەکەیدا وتی: لە دوای بەستنی کۆنگرەی هەشت لە ماوەی پێنج ساڵ لە 2018 تاوەکوو 2023، بەتەواوی تواناکانمان هەوڵی پێشخستنی یەکێتی ئافرەتانمان دا، لە ڕووی سەرچاوەی مرۆییەوە کارمان بۆ ئەوە کردووە کە کادیرەکان بە باشترین ئاست خزمەت بە ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە بکەن.
بەگوتەی ڤیان، هەوڵیانداوە پرسی ئافرەتان ببێتە پرسێکی گشتی، لەو چوارچێوەیەشدا 100 هەزار و 499 ئافرەت لە سەرجەم چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە سوودمەند بوونە، هەروەها سێ هەزار و 497 چالاکی تواناسازی و خولی پیشەیی و سیمیناری هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە بوارەکانی دیکە ئەنجامدراوە، هەروەها جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێنمایی پێش هاوسەرگیری بە هەماهەنگی تەندرووستی، هەروەها پڕۆژەی پشتیووانی تەندرووستی بۆ منداڵان و ئافرەتانی خێزانە کەمدەرامەتەکان و بەشداریکردنی 200 پزیشکی خۆبەخش لە پڕۆژەکان و پێشکەشکردنی چارەسەری بۆ 370 چارەخواز.
ڕاشیگەیاند، پێشکەشکردنی هەزار و 388 هاوکاری کۆمەڵایەتی بۆ ئافرەتانی خێزانە کەمدەرامەتەکان، هەروەها جێبەجێکردنی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی کاری دەستی ئافرەتان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ئافرەتان. وتیشی: لەخۆگرتنی 714 کەیسی کۆمەڵایەتی توندوتیژی، و هەزار و 669 کەسی دیداری منداڵانی خێزانە لەیەک جیابووەکان.
جەختیشیکردەوە، لەکاتێکدا ئەم کۆنگرەیە دەبەستین کە یەکێتیی ئافرەتان بۆ قۆناغێکی دیکەی خەباتی یەکسانی و نیشتمانی ئامادە دەکەین، کە بارودۆخی ناوچەکە و کوردستان بە کاتێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت. [1]