چەند دێڕێکی کوورتو سادەم بۆ مامۆستا خۆشەویستەکان.
پڕ بە دڵ ئەخوازم مامۆستاکانی خۆم کە ڕۆژێک وانەیان پێوتووم ئەم دێڕانە ببینن هەرچەند ناگاتە گەورەییتان.
مامۆستا گیان
فێرتکردین بەهیواوە بڕوانینە
چاوی ژیان
یەکەم وانە
لەتۆ فێربووین
ئێرە ناوی کوردستانە
فێری نەبەزینت کردین
بۆیە ئێستاش
هەر بە پێوەین
فێری کۆڵنەدانت کردین
بۆیە هێشتا هەر بەڕێوەین
لێم ببورە کە دۆخی تۆم نەئەزانی و
هاریم ئەکرد
گریانی تۆم نە ئەبینی و یاریم ئەکرد
لەهەڵچونت
لە ڕاڕای و لە خێرایی هاتو چونت
لە دڵپریت
لەو فرمێسکەی کە ڕۆتکردە سەر تەختەکە و
خێرا سڕیت
لە لێدانت
لە نیانی و نازکێشانت
لەهیچیان تێ نەئەگەشتم
خۆزگایە ئەکرا بێمەوە
ئەمجارەیان ئاقڵ ئاقڵ دا ئەنیشتم
لە خەمەکانتان ئەگەیشتم
خەمی نان و خەمی کرێ و خەمی شکۆ
ئەزانم چەندە بەسوێیە تینی پشکۆ
لێم ببورن
گەرچی کۆڵی ئازارو نەداریتان لە شان بوو
هێشتا دڵتان لەلای کۆرپەی نیشتیمان بوو
چەمانەوەم هەر بۆ خودا و ئاڵا بووە
دەرگای دڵم بەس بۆ ئیمان واڵا بووە
سوێن بە خوداو
بەو ئاڵایەی هەرگیز نەوین ناناسێت و بە پێوەیە
لەمە بەدوا دوای خواو ئاڵا
چەمانەوەم بۆ ئێوەیە...
ناوی نووسەر: #بەڵێن سەنگاوی# [1]