بۆیە ئەگریم
ئەو هۆنراوەی بۆتۆ نووسیم
بەدەستی خۆم سڕایەوە
ئەو چیرۆکەی
دەبوو گەلێ درێژتربێت
هەر لە کورتی بڕایەوە
ئەگریم بۆ گشت ئەو ڕۆژانەی
کۆڵان کۆڵان
ئەگەڕام بۆ ماڵەکەتان
تا ئێستاش سوێی ئەو یادانە
لەتوێی دڵێکی لەتلەتان
ئەگریم
بەکوڵ
بە کامی دڵ
بۆ هەمو ئەو ساتانەی تۆ
بە دەممەوە پێئەکەنیت
بۆئەوەی دەیان جار وتم
ئەمرم کە نیت...
ئەگریم
بۆ چکلێتە نامەکانت
بۆ نوکتە بێتامەکانت
بیرتە چەند بەدڵ گوێم ئەگرت؟
بیرتە دەنگی گڕی قاقام ئەگەشتە کوێ ؟
بیرته ئەڵقەی قسەکانتم چەند بە توندی ئەگرتە گوێ ؟
ئێستا من و ئەو یادانە
لەسەر مێزی کافێیەکی بچکۆلانە
بە دزی ئەو خەڵکانەی بەرامبەرمن
ئەو کاپتنە بێتامانەی چاو هەڵئەبڕم لەسەر سەرمن
هێندە ئەگرین
تا فرمێسکی سوێر ئەتکێتە
ناو جۆگەلەی کۆنە برین
ئای لە دۆخی ئەم دڵە
ئەڵێی ئینجانەی بێ گوڵە
خۆزگە ئەمزانی تۆ چۆنیت ؟
خۆزگە ئەمزانی تۆ بۆ نیت ؟
تا بپرسم
سوێندت بدەم
بە هەرچیەک پیرۆزە لات
هەر پێم بڵێی؛
منی لای تۆ
چی بەسەرهات؟
ناوی نووسەر: #بەڵێن سەنگاوی# [1]