دوای ساڵانێ
جێ برینێ
لە سنگما کولایەوە
نەمامی زوو وشک بووی تۆزە حەزێ
لەزەینما ڕوایەوە
هەمان ئێشی ئەوسای دامێ ئەمشەویش
ئاخۆ بڵێی وابێت ئەویش؟؟؟
تەمەنێ ڕۆی
کەچی من هەر لەو جێگایەم
گەورە نابم
خانمەکەم گەورە نابم
وەک جارانی ئێستاش دایم لەو ڕێگایەم
کەتۆی نازدار جانتای نیلیت ئەکردەشان
ئاااخ گەر بزانی
چۆن ئەم دڵەت ڕا ئەوەشان
کاتێ ئەگەشتیتە مەکتەب
دنیام لەلا تاریک ئەبوو
ڕێی هاتنەوەم
وەک تاڵە پرچێکی ئەوسات
لەلا ڕەشو باریک ئەبوو
لەنیوەی ڕێ ماندوو ئەبووم
خۆزگا ئەکرا جارێکی تر هەتا مەکتەب دواتکەوتمایە
خۆزگە ئەکرا شەوێکی تر بۆ بینینت
تا بەیانی نەخەوتمایە
ئاخ نازەنین خۆزگا ئەکرا
خۆ ئێستاش
سەدان شەو نەخەوتومو
بەیانی تۆشم نەدیوە
هەزاران هەنگاوم ناوەو
تەزوویەک
دەوری دڵمی نەتەنیوە
تەمەنێکم بەڕێ کردو
خورپەیەکی وەکو ئەوسا هەر لێی نەدام
نازەنینێ تانەیەکی خۆشی
وەک ئەو جارەی تۆی لێ نەدام
خۆزگا ئێستاش وەکو ئەوسا
تەنیا خەمم هەر تۆ ئەبوو
ئاخ گەر وابا
ئەم ئیحساسی تەنهاییەم بۆ ئەبو؟؟
کەی گرنگ بو هەڵوێستی پیسی نابەکار
کوانێ ڕقم لە کەس ئەبوو
کوانێ جوێنم ئەهاتە زار...
گەر تۆ ئەبوویت
کەی وەک ئێستا گەورە ئەبووم
کەی وەک ئێستا
قوربانی ئەم دەورە ئەبووم
کەوای لێهات
لئمگەڕێ با بە ویستی خۆم
تف بکەم
کە ڕووی بەعزێ کەسم بینی
پف بکەم
ئاخر لە گەورە بونا
هونراوە ئەبێت بە جوێن
ڕەنگی سور چیتر هێمای عیشق نییە و
ئەبێ بە خوێن
ئاخر لە گەورە بونا
بەرژەوەندی باڵا ئەکا
هاوڕێیەتی وەکو پیاوە هەژارەکان
تەنیا سکاڵا ئەکا ....
ئاخر لە گەورە بوونا
زانا لاتەو نەزان سەروەر
ئەگەر کەسێ میهرەبان بێ
پێی ئەڵێن کەر......
لە مێژەوە نەمبینیوی
ئەگەر هێشتا هەر مناڵیت
وەک من مەبە
تکا ئەکەم ٫ تکا ئەکەم
گەورە مەبە .....
ناوی نووسەر: #بەڵێن سەنگاوی# [1]