ئیتر نە شیعرت بۆ ئەڵێم
نە هەواڵیشت ئەپرسم
نە دێم بۆ لات
نە لە ڕۆشتنت ئەترسم
تازە دڵم شکاوە لێت
هەتا مردن داوا ناکەم خۆشمت بوێت
فڕێم بدەیت
دڵم بخەیتە ناو کۆڵان
نە زیز بوونێکم ئەبینیت
نە غیرەیەک نە شەڕێکم
وەک هاوڕێ ئاساییەکانت
یا دراوسێ
یان ڕێبواری سەرە ڕێگەت
زیاتر نیم و بەشەرێکم...
نە وەک جاران بیانوویەکم ئەبینی
نە گریانێ
نە ئەمبینی بەدەمتەوە پێبکەنم
ئەیسڕمەوە ئەو ڕۆژانەی
تۆی تێدا بووە تەمەنم
ماڵت ئاوا
دواین دێڕیش مەخوێنەوە
هیچ بیانووش مەهێنەوە
دڵی ترم نەماوە تا بیشکێنیت
نهێنییەکم نەماوە تا بیبەیت و بیدرکێنیت
ئیتر بڕۆ
هیچی ترم نییە بیبەیت
نە من نالی و
نە لەمەودوا تۆش حەبیبەیت
گەر شەوێکیش
شیعرێکی مات
ڕێکەوتی کرد و هاتە لات
ناسیتەوە و هەستت پێکرد هی من بووە
دەستی بگرە و بۆم بێنەوە
ڕێی ماڵەوەی لێ ونبووە.
ناوی نووسەر: #بەڵێن سەنگاوی# [1]