دوای نەمانم
بەوێنەش بێت
جاروبار چاو ببڕە چاوم
لە گۆڕیشا شادئەبم
بزانم لە دڵتا ماوم
بۆ بە وڕێنەی تێدەگەی دەربڕینم
کە نایزانیت من گیرۆدەی چەند برینم
من بەو هەمو هەستەمەوە
بەم خۆزگە زۆر ئەستەمەوە
چاوەڕێ نیم،
تەمەنێکی درێژ بڕکەم
ڕێگەمبدە کە ئێستا دەرفەتێ هەیە
بیستنێکم
لە دەنگی ناسکت پڕکەم
گلەییەکان بخە لاوە
با زبڵی خەم
ماڵمان نەکا بە کەلاوە
ئەمو ئەویش
هەرچی دەڵێن با بیڵێن
بۆیان مەبە بە ئاوێنە
ژیان خۆی چێژی نەماوە
تۆ ئەم ھیوای تیا بچێنە
لەم سەردەمی
ڕقو کینەو
بێ هیوایی و متمانەدا
لەم شەقامە پڕ شەلاتی و
لەم ھەموو زارە پڕ جوێن و تانەدا
لەم بازاڕی چەکەدا
لەناو ئەم گشت ژنکوژەدا
من ڕێبازی میهرەبانی و
ئاڵای سۆزم بۆ هەڵکردوی
لەناو خۆما
وەکو دڵم هەڵمگرتوی
من دڵپیس نیم
لەم گەلە فرە بەهرەدا
ناچارم دایم چاوم لەسەرت بێ
مەرجەکانم
وەکو ناوت لەبەرتبێ
تێبگە لێم
ئەوە ڕێگای پاراستنتە
لەو چەتانەی
بە ڕوکەش فەیلەسوف و
لەناخەوە
داڕوخاون
لەو ڕۆشنبیرانەی هەر ناون
لەو لەشکڕانەی
چەکی پاراستنی شەرەف ئەکەنە شان
لە تەشەری خزمو خوێشان
ناچارم
چوارچێوە بۆ ژیان دانێم
خۆت چاکم ئەناسیت ئامادەم
لە پێناوتا گیان دانێم
مەرجەکانم مەکە بە بەڵگەی دڵپیسی
مەکە بەهێمای نەزانی
لەم شیرازە بێسەرو بەرەی نیشتیمانا
مەجبورم
پەچەی
چەند مەرجێکت بۆ بدورم...
ناوی نووسەر: #بەڵێن سەنگاوی# [1]