شێوەم زەردەی ئێوارەیەو
وا خەریکە ئەڕواتە پشت کێوی غوربەت
ئاوا بێ لێت
ئەو خۆر نییە تا بێتەوە
خانم هەڵبەت
شەکەت بووم و لەم نێوەندە
توانای مانەوەم نەماوە
تۆ ببینە ڕەونەقی ڕوم چۆن لە جۆگەی
چاوانمەوە هەڵڕژاوە
ئەوەڵ تۆم دیت چەند نازدار بووی
هێمن هێمن مەلی تەنیای گوێ کەنار بوی
ئایی سەردەمێ
خەریک بو ڕۆحم دەر ئەچو
تا بتگەمێ
مەلی جاران
کوا هێمنیت ؟
مەلی جاران کوا تەنهاییت
ئەو باڵدارەی بۆ نواندن بێ کۆتاییت
هاوەڵ زۆرە ڕاست ئەفەرمووی
بۆ گەشتن پێت
شێت بوون هەمووی
چت داوە لە منی توڕە
لە منی بێهەستی سەرەڕۆ
تۆ ڕاست ئەکەیت
فەرموو بڕۆ
فەرمو بڕۆ بۆ دنیای بێ ئاشنایی
وەکو دەڵێن یەک مانگێکی پڕ هەنگوین و
ساڵانێکی پڕ تەنهایی
فەرمو بڕۆ
هەقم نییە
ئیتر وشەی ڕەقم نییە
ئەگەر بڵێم خۆشم ناوێی
ئەگەر بڵێم بیرت ناکەم
درۆ ئەڵێم
لە تۆم کەمە
بەڵام دایم بە خۆم ئەڵێم
چش لەو خەمە
بڕۆ چۆلەکە جوانەکە
باڵەکانت ئەکەمەوە
هەوڵ ئەدەم جارێکیتر
بیر لە دیلیت نەکەمەوە
بڕۆ ئیتر
بەویستی خۆت هەڵبژێرە
تۆ سەرپشکی بۆ ئاسمانت
هەر کێ ئەکەی بە ئەستێرە
بڕۆ بفڕە بە ئاسمانا
لە تۆڵەی چەند ساڵ زیندانت
ئیتر هی خۆتە گیانت
دوا هەنگاوت بنێ بەسەر
گۆڕی یادی ئەم چەند ساڵە
ئەگەر هاتو یەکێ لەوان کەوتە ناڵە
ئاوڕی لێ مەدەرەوە
ئەمێستاکە یەکلاییت و
ئەوەندە بەو دۆخە سەرسامی
هێندە دڵنیاییت ئەکەویتە
دنیایەکی بەبێ منی پڕ ئارامی
دوا هەنگاوت هەڵبهێنەو
گەر شیعرێکیش بانگی کردی
لامەکەوە
کە یادێکت بینی گریا
خەم مەخۆ بۆی
تازە کۆچت هاتۆتە زار
ئەمڕۆش نەبێ سبەی ئەڕۆی
هیوا خوازم
خۆزگەی ڕابردوو نەخوازیت
بەختوەری
هەمیشە بێتە پێشوازیت.
ناوی نووسەر: #بەڵێن سەنگاوی# [1]