پێتان وتین هەرگیز خۆمان نەچەمێنین
لەڕوویاندا ، سەری بەرز دانەنەوێنین
بەڵام گەورەم
وەک ئاڵامان
ئێستا خەریکە باڵامان
لەنیوەدا ئەبڕنەوە
دڵ و قودسیش لە فەرهەنگی
کەرکوکماندا ئەسڕنەوە..
بیری کڵاشو شاڵ ئەکەین
بیری دەف و شمشاڵ ئەکەین
لە سوێی سۆزەکەی مەردانا
وەختە ئەدەین بەو هەردانا
نە وەک جاران
ئەبینرێت کۆڕی یاران
نە جێگا ژوانێ ماوە
بۆ باسو خواسی دڵداران ...
نە سێڕسکێن و دامەیەک
نە قاقای ناو چایخانەیەک
نە پیاسەی ئێوارانی لاوان
نە شەڕی سەرچۆپی و گاوان...
تا ئەو تۆزە ڕۆحە ماوە لە جەستەمان
تا ئەو تۆزە سۆزە ماوە لەبەستەمان
فەرهەنگمان بۆ بێننەوە
دەنگو ڕەنگمان بۆ بێننەوە...
ئاخر چۆن
لەسایەی حوکمی پۆستاڵا
گۆرانی بڵێن بۆ ئاڵا؟؟؟
ناوی نووسەر: #بەڵێن سەنگاوی# [1]