پێم ناخۆشبوو
کە ئاوایلێهات نێوانمان
وشەی ساردوو دوور لە ئەوین
خۆی هاویشتە سەرلێوانمان
بەڵام گیانم
ڕەنگە قەدەر وایویستبێت
بەو ڕادەیە ,یەکتریمان خۆشویستبێت
ئێستاش قەدەر وا ئەخوازێت
کۆشکی بەرزی دڵداریمان ,لێکبترازێت
نازانم بۆ
لەم دابڕانە ناترسم
بۆ هەواڵی تەندروستیت
لە هاوڕێکانت ناپرسم
ئێخۆ ڕەنگە هی ئەوەبێت
هێشتا دڵم لەلای خۆتە
هەست و نەستم
لە هێلانەی ڕۆحتا کۆتە
نایشارمەوە
لەوکاتەوەی ئاوێتەت بووم
کامەران و ئاسودە بووم
گەلێک جاریش
لەگەڵ خەما ئالودە بووم
ئیستاش ڕەنگە
چارەنوسمان وا بخوازێت
کۆشکی سوری دڵداریمان , لێک بترازێت
بۆیە ئەبێت
بەناچاری خۆم ڕابێنم
چیتر تەمەن بە ئاگری
بیرەوەریت نەسوتێنم
گیانم تکا لەتۆش ئەکەم , لەبیرمکەیت و ئازابیت
لەدوای منیش
بۆ هەمیشە لەنازابیت
من ئەزانم
دابڕانمان بە حەسرەتە
باش ئەزانم
کە دووریمان چەند زەحمەتە
بەڵام ئازیز
کە قەدەرمان وا بخوازێ
کۆشکی سوری دڵداریمان لێک بترازێ
چارمان نییە
ئەبێت وابین
چاوەڕوانی
ڕەحمی خوابین
خوا ئەیزانێت , لەلای منیش زۆۆۆر ئەستەمە
ئەم بڕیارەی کە قەدەردای
پڕ ستەمە
بەڵام چیبکەم لە چارەنوس
چۆن نوسراوە ئەبێت وابێت
لێکترازان یان مانەوە
ئەبێت بە فەرمانی خوا بێت ....
بۆ مانەوە
جارێکی تر
لەناو یەکا تووانەوە
تروسکاییەک نابینم
تا بتوانم
تۆزێ بەچاوی هیواوە
لێی بڕوانم
بۆیە گیانم
هیواخوازم
لەدوای منیش بەختەوەربیت
لە ئازارو خەم و مەینەت بێخەوەربیت
تۆ لەلای من جوانترینی
تۆ ڕوو سوریت
ئومێدەکەم
لێم نەڕەنجێیت و بمبوریت
ئەمەی ئێستاش
کەوا کۆشکی دڵداریمان لێک ئەترازێت
من و تۆ نین
قەدەرمانە وا ئەخوازێت.
ناوی نووسەر: #بەڵێن سەنگاوی# [1]