بەبۆنەى هاتنى جەژنەکانى کریسمس و سەرى ساڵى تازەى زایینییەوە، سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ڕێوڕەسمێکى پێشوازى و ئێوارەخوانێکى بۆ دیپلۆماتکاران و نوێنەرانى وڵاتان و هاوپەیمانان لە هەرێمى کوردستان ساز کرد.
لە ڕێوڕەسمەکەدا #نێچیرڤان بارزانى# سەرۆکى هەرێمى کوردستان و جێگرانى سەرۆک و نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک لە وەزیران و بەرپرسانى #حکومەتى هەرێمى کوردستان# و باڵیۆزى وڵاتان ئامادەى بوون.
لای خۆیەوە فەوزى هەریرى سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە وتەیەکى بەخێرهێناندا، بە ناوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانەوە پیرۆزباییى جەژنەکانى کریسمس و سەرى ساڵى تازەى زانیینى لە ئامادەبووان کرد و سوپاس و پێزانینى گەلى کوردستانى بۆ هاوکارى و پشتگیریى وڵاتان لە هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە، هەروەها هیواى ساڵێکى تازەى ئارام و ئاسوودە و پێشکەوتنى بۆ هەمووان خواست.
هەر لە پەراوێزى ڕێوڕەسمەکەدا، چەند تابلۆیەکى هونەریى هەڵپەڕکێى کوردى و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش کران. [1]