لەبارەی ڕووداوەکەی شاری #سۆران#ەوە وەزیری تەندرووستیی ئێراق پەیوەندیی بە وەزیری تەندرووستیی هەرێمی کوردستانەوە کرد، وەزیری تەندرووستیی ئێراق ئامادەیی هاوکاریکردنی بریندارانی ڕووداوەکەی بۆ وەزیری تەندرووستیی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
ئەمڕۆ شەممە #09-12-2023# وەزارەتی تەندرووستیی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، بە مەبەستی ئامادەیی بۆ هەر پێویستییەک و هاوکاریکردنی چارەسەری برینداران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ د. ساڵح حەسناوی وەزیری تەندرووستی ئێراقی فیدڕاڵ پەیوەندی تەلەفۆنی بە د. #سامان بەرزنجی# وەزیری تەندرووستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد. وێڕای دەبڕینی دڵگرانی و پرسە و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانیان و هاووڵاتییانی سۆران بۆ ڕووداوی سووتانی باڵاخانەی نیشتەجێبوون لە شاری سۆران، ئامادەیی بۆ هەر پێویستییەک بۆ چارەسەری برینداران دەربڕی.
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندرووستیی ئەوەش هاتووە، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندرووستی دەرەنجامی قوربانیانی ڕووداوی سووتانی باڵاخانەکەی سۆران و جۆر و هۆکاری گیانلەدەستدان و ڕەوشی بریندارانی نەخۆشخانە و ڕێکارەکانی ئەنجامدراوی ڕوونکردەوە، سوپاسی هەڵوێست و هەماهەنگی و دەستپێشخەری پەیوەندی تەلەفۆنی بەڕێزیانی کرد بۆ ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، خوای گەورە کۆچکردووان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و هیوای چاکبوونەوە و سەلامەتی بۆ برینداران خواست. [1]