ئێوە دەڵێن حیکایەت، ئێمە بە ترسەوە دەڵێین چیرۆک
- حەمە بەفر ئەبارێت.
- دایکت دەبارێ، دایکت............
بە دزداشەیەکی چیتی خەتخەتەوە لیک بە دەمیدا دەهاتە خوارەوە، دەتوت پێیان وتووە ئەخیر جارتە بە دڵی خۆت ببارێیت، ئەگینا بەفرم نەبینیوە، بەو قوورسییە، بەو چڕییە، بەو بێدەنگییە ترسناکە ببارێت.
هەر تەنیا دزداشەیەکی لەبەردابوو، ئاخر قەینا وتمان دەکرێ پێستت لەبەر بکەیت و جلێک بپۆشیت، بەڵام نەک ئاوا بێ پەروا مێشێک میوانت نەبێت و سنگە ڕووت و ڕەق و چەپەرەکەت لە دەمی کراوەی دزداشەکەتەوە دەرکەوتبێت، کەچی هێشتا هەر سەرمات نەبێت.
ئەمجارەیان.
- حەمە توور دەبارێت...........
- وابزانم سپێتی تووریش هەر بەفر بوو لەو دەبارێت بۆیە.
- دایکت دەبارێت.............
- منیان ڕاسپاردبوو ئەو عەزێت بدەم تا پێی بڵێم بەفر دەبارێ، توور دەبارێ.
من لە ماڵ و لە کۆڵان و لەنێو شەڕ و لە حیکایەتە بەجێماوەکاندا لە دایکم دەگەڕێم، بەرتیل دەدەم بە خەونزانێک دایکمم بۆ لە بوخچەی چوکلێتێک بنێت و دوای درەنگانی شەو بێتە خەوم، کەچی حەمە گۆج دەڵێ :
دایکت دەبارێت.............
-سەرما و بەفر، حەمە گۆجیان ترساندووە، لە قرچەی هاویناندا هەر سەرمایەتی، لە کلیلەی بەفردا هەر سەرمایەتی، دزداشەیەکی چیتی خەتخەتی یەخە کراوە، پیاوێک تیایدا هەڵدەلەرزێت.
- هەر وەرزێک ئێوە حەز دەکەن حەمە گۆج ببەنەوە بۆ نێو ئەو وەرزە، کەچی هێشتا سەرمایەتی.
- من وەک بێتەربیەتترین منداڵ فێرکرابووم حەمە گۆج بە سەرما بترسێنم.
لە منداڵیمەوە تا ئێستا لە دایکم دەگەڕێم، کەچی حەمە گۆج سەهل و سوک و بێ پەروا دایکمی خستەوە ڕۆحم.
- بەفر نابارێت، دایکت دەبارێت. توور نابارێت، دایکت دەبارێت.
بەفر و سەرما، ڕۆشتن و ڕێگەلێونبوون، ڕەهێڵەی بارانێکی بەخوڕ هێشتا هەر سەرما بە دزداشەیەکی سینەداچەکاوەوە دەڵێی سنگە ڕەقەڵەکەی ئەمیش نێچیرە و شەستەبارانی بێ ئامان نێچیرەوانە.
لەم مانگی پوشپەڕەدا وەک بێ تەربیەتترین منداڵ دەرسیان داداوم لە کۆڵانێکی پڕ گەرمای بێتاقەتیدا، ڕێگە بە حەمە گۆج بگرم و پێی بڵێم:
حەمە بەفر ئەبارێت.
ئەو وەک ئەو ڕۆژگارانەی بەفر دەیتەزاند ئێستەش تەنیایی و ڕێگەی پڕ لە خۆی دەیتەزێنێت.
نازانم تینوم بوو یان بەڕاستی حەزم لە بەفر دەکرد، دەنا ئەم هاوینە قاقڕ و لەعنەتییە کەی هیی ئەوەیە ئاوا بە کەیفەوە بەرانبەر شێتێکی هیلاکی دزداشە لەبەری سینە داچەکاو، کە لەوە ناچێت لەرزی بەفری یەکەم کردنەدەرەوەی لە ماڵ کە حەمە گۆجی گەیاند بەم چارەنووسە لە ڕۆحیا دەربچێت.
- خەتای منە بە چلورەیەک ئاوا دەکەم دەرهەق بە گۆجێک؟
خەتای بەفرە دەرفەت نادات سەرما بنووسینەوە؟
خەتای پیت و ڕستە و حیکایەتە کە نازانین، کێ دەماننووسێتەوە؟[1]