ترسناکترین پیت، پیتی ناو ڕستەی چیرۆکەکانە
من گڵۆڵە دەبووم بە دیار پیتە نەوتراوەکانی گوڵێکی قەراخ ڕێگادا. ئەو گوڵەکانی لە مەنجەڵێکدا دەکوڵاند و خۆشترین بۆنی لێدەگرتن. هێشتا لە سەرەتای یەکەم دێڕی دواندنی گوڵێکدام، تا لێیپرسم.
زەڕەیەک نووری تەجەلات دنیا مەحف دەکاتەوە، چۆنە ئەم تەنەکەخۆڵەی ناوی ژیانە، ژێرەوژوری ناکەیت؟
لالەزارێک، بۆنی پونگە و سوورایی تووتڕک و دەرمانی دڵ، یەعنی تەرخوون، هەمووی لەبەر بانیژەکەدا تێکەڵی دەکەم لەگەڵ گوێلێ زەردەی ئاوابوونا. لێم مەکەن بە هەڵڵا، هەر باسی حەقیقەت دەکەم. کە سەرئێشە دەگریت بەدەست بەشەرەوە، ئەوانەی باسم کرد تێکەڵیانکە، کە خەبەرت بوەوە، دەبیتە حەقیقەتترین مرۆڤی دنیا. بەس مەترسە حەقیقەت دایکی ڕاستەقینەی کوژرانە.
کات هەیە، بە تەوقیتی نیوەڕۆترین پایز، کە درەخت ئاوی بیرچووەتەوە، چەند خۆشە خۆت دەدەیتە دەست بەرەڵایی و ئیدی دنیا ناژنەویت.....
چەچۆڵەی مێخەکێکی ساوا دەگریت و فێری هەرداوهەردکردنی دەکەیت، هەر وا بینم ناوە، بە بەرەڵاییەوە و گوڵ فێری پیاسە دەکەم. چەم فێردەکەم، خۆی جل لەبەری گوڵ داکەنێت و فێرە مەلەی بکات.
ئەوەندە حەقیقەتم لەگەڵ گوڵەکاندا باسکرد، هەموویانم لە خەڵوەتگای پیری بینییەوە. بەموعجیزە نەکوژران، خەڵوەتگەی پیریش مردنێکی لەسەرخۆ و بەسوێیە.
تۆزێک دڵ بدەرە دەست بەرەڵایی، وانەبێت شەراب لە تووتڕک ناگیرێت.
حەقیقەت پڕە لەو کەند و کۆسپانەی، تا مردن پێیان موحتاجم.
جوانیی ئەو ڕاڕەوانەیە، بەبێ ئەوانیش هەڵناکەم، مەگەر چیرۆک بەقەدەر من هیلاک بێت.
بە هەزار فەلاکەت لە هەردووکیان خۆم دەربازکرد و هاتمەدەرێ.
تا ئەوپەڕی دنیا چیرۆک... مرۆڤی عاقڵ.
تا ئەمپەڕی دنیا حیکایەت... مرۆڤی مرۆڤ.
کە جوانی هەڵدەکات... بەرەڵاترین مرۆڤ.
حەقیقەت دەڵێی قۆپچەی کراسەکەمە، قەت بیرمناچێ. گەر بیرم بچێت، حەیام ئەچێت.[1]