قروسکە قروسکی سەگەکان، هەزاران قسە و قسەڵۆکی درووستکردووە.
دەقروسکێنێ، هەموومان دەترسێنێت، تەنیا منداڵ دەتریقێتەوە بەرانبەری.
دەحەپێنێت، دەرگای هەموو ماڵە پڕ لە قڕە و قاڵەکان دادەخات.
دەریکەن، سەگی پێوەنێن.
بێعەقڵ سەگ بە سەگەوە دەنرێت؟
گوڵچینە شێت جڕتی لێدەدا و وایدەوت.
قڕەقڕی سەگی گەڕەک ناهێڵێتت گوێ لە دەنگی مەلای مزگەوت بگرم، هەرچی ڕۆژە بە هەموو شەوە لەتوکوتکراوەکانەوە هەر گوێ هەڵدەخەم، بزانم مامۆسا چی دەفەرموێ، هەر ناهێڵن سەگەکان، یان بۆ نەڵێم سەگەلەکان.
حاجیژنە پیرۆز وایدەوت.
کەی بێدەنگ دەبن؟ شپرزەیی چۆن دەدرێتە بەر دەستڕێژی بیرلێنەکردنەوە؟ سەگەکان خەریکن دەلوورێنن، ئاخر قۆناغی ترسناکی سەگەل لەوێوە دەستپێدەکات، کە سەگ دەبێتە گورگ، ئەگینا سەگ کەی لوراندویەتی؟
عەوڵا کەڕ، ئەو پیاوەی بڕیاریداوە هیچ نەبیستێت بە دوو گوێی زلەوە، هیچ نابیستێت، گوێی لە خشەی مار و مێرووە، کەچی هیچ نابیستێت. لە دوای تەقینەوەکەی بەردەرکی سەراوە، پیاوی بەجێماوی نێو ئەو ڕۆمەڵغەزایە تەنیاوتەنیا بەجێماوە دەڵێن وتویەتی، کە من بەتەنیا لێرەبم لەگەڵ ئەو هەموو سەگەدا، واباشترە لە هەمووتان هیچ نەبیستم جگە لە سەگەکان، ئاخر هەمووتان ڕاتانکرد جگە لە سەگەکان.
شارێک پڕ لە دەنگی ترسناکی سەگ و خاڵی خاڵی لە دەنگی بەشەر. ئێستە، عەشتەبای خوا لە بەشەری تێدا نەماوە، دەنگی سەگ دنیای هەراسان کردووە.
ئەم هەموو پەرتووکە لەو سەرجادەیە، بە جەمەلۆنی شینی ناشرین داپۆشراوە.
چەقی شار پڕە لە پەرتووکی سەرداپۆشراو و حەپەحەپی سەگ.
پەرتووک بەو هەموو بێدەنگیەوە و بەو هەموو ڕسواییەوە.
سەگ بەو هەموو حەپەحەپ و وەڕەوەڕەوە.
بەدوای زمانێکدا دەگەڕام سەگەکان بێدەنگ بکەم. هەندێک پیت و ڕستە و شیعری دامێنی پەرتووکە سەرداپۆشراوەکانم دۆزیەوە، کە لەژێر جەمەلۆنە شینەکانەوە دزەیان کردبووە قەراخی جادەکە.
هەندێکیانم دایەوە دەم یەک، ناوی سەیری لێ درووست بووبوو، وەک:
جەمال عیرفان.
ئەحمەد موختار جاف کاتێک لەلای شێخ مەحموود دیلکرابوو.
ژینای ئەمینی ڕووت و قووت، شیعری گۆرانی دابوو بەخۆیدا و خۆی پێدادەپۆشی.
هەموویانم کۆکردەوە!
هێواش هێواش، سەگەکان هەڵزنان بە پەرتووکەکاندا، ڕاستتر بڵێم بە جەمەلۆنی سەر پەرتووکەکاندا.
شار زۆۆۆرررر بێدەنگ بوو، سەگەکان بێدەنگیان دا بەخۆیاندا و بەسەر پەرتووکەکانەوە خەویان لێکەوت.
یەکەمجارە سەگ ببینم بەو بێدەنگیە، بەو ئارامییە، بەو وەنەوزە قوڵەوە، سەگەکان بەسەر پەرتووکەکانەوە خەویان لێکەوتبێت.
دوا تیکەی شەو کە لە دەمم کەوتە خوارەوە، بەسەر سنگمەوە بوو، سەگێک زمانی پیا دەهێنا.
کە خەبەرم بووەوە، لە بەینی دوو سەگدا بووم و بەسەر پەرتووکەکانەوە سەگێک دەیلێسامەوە.[1]