سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا گەیشتە ئیمارات.
ڕۆژی پێنجشەممە #30-11-2023#، #مەسرور بارزانی#، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لەسەر بانگهێشتی شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم بۆ بەشداری لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) گەیشتە ئیمارات.
دوای گەیشتنی بۆ ئیمارات، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، خۆشحاڵم کە لە ئیماراتم بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، پشتگوێخستنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە و وەک گەلێک و بەشێک لە ناوچەکە دەبێت ڕۆڵی کارامان هەبێت.
لە کاتی گەیشتنی بۆ دوبەی، شاندێکی ئیماراتی و باڵیۆزی ئێراق لە ئیمارات پێشوازییان لە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرد کە #بێگەرد دڵشاد#، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکەی حکوومی یاوەری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکەن لەم سەردانەی بۆ ئیمارات.
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) کە ڕۆژانی (#01-12-2023# و #02-12-2023#) لە شاری دوبەی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بە بانگهێشتی شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆک وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لەم لوتکەیە دەکات کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی نیشتمانیی ئیمارات. ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام.
لە لوتکەکەدا، باس لەو ئاستەنگانە دەکرێت کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشدارانی لوتکەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان و ئێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەکات. [1]