سکرتێری #یەکێتی ئافرەتانی کوردستان# ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەین.
سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، دکتۆرە #ڤیان سلێمان# وتی: ماوەی سێ ساڵە نەخشەڕێگایەکی تایبەت بە خۆمان هەیە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی توندوتیژی و کارکردنیشمان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لەسەر هزرە، کە ئەوە هۆکارێکە دەبێتە هۆی توندوتیژی و هەمووی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە پەیامی ئێمە لەو ڕوانگەیەوە بۆ هەردوو ڕەگەزەی ئافرەت و پیاوە و درووشمی ئێمەش ئەوەیە بوەستە و بیرکردنەوەکانت بگۆڕە و ئافرەت ناکرێت تەنیا تەماشا بکرێت وەکوو جەستە، بەڵکوو ژیانە و دەبێت لەو ڕێگەیەوە کار بکەین ئافرەت خاوەن بڕیارە و ماف و بەرهەمی هەیە.
د. ڤیان دەشڵێت: پێویستە هەمووان لەوە تێبگەن کە ئافرەت شەریکی ژیانە و ناکرێت وەکوو کاڵا سەیری ئافرەت بکرێت، لایەنی دووەمیش پیاوە کە ئەویش بە چاوێکی کەم سەیری ئافرەت نەکات و چۆن خۆی بە خاوەن بڕیار و بەرهەم دەزانێت، ئافرەتیش بە هەمان شێوە، بۆیە پێویستە هەردووکیان خاوەن بڕیار و بەرهەم بن و تەواوکەری یەکتری بن و شەریک بن.
وتیشی: پێویستە پیاو، ئافرەت بە هاوبەشی ژیانی خۆی بزانێت نەک بە موڵکی خۆی و هەموو هزرە چەوتەکان لە مێشکی خۆی لاببات، بۆیە پێویستە کەڵک لە شتە باشەکانی کۆمەڵگە وەرگرین و خراپەکانیش بدەینە لا و کار بکەین ئافرەت و پیاو لە هەموو دەسەڵاتەکان یەکسان بن و تەنیا توانا و کارامەیی لێکیان جیا بکاتەوە نەک ڕەگەز.
ئاماژەشی دا: ئەمساڵیش 2023 بە هەمان شێوە لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، ئێمەش کار دەکەین، هەر چەندە ئێمە بەرەو کۆنگرە دەچین و نزیک بووینەتەوە، بەڵام هەر بەردەوام دەبین لە کاری خۆمان و گرنگی بەو یادە دەدەین.
د. ڤیان ڕوونیشی دەکاتەوە: وەکوو چۆن لە هەرێمی کوردستان گرنگی بە پێکەوەژیان دەدرێت، گرنگی بە خێزانیش دەدرێت بۆ ئەوەی خێزان بە بێ توندوتیژی بێت و بەئارامی بژین، حکوومەتی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمیش بایەخی زۆر بە خێزان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دەدات و ئێمەش کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆرمان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەبێت. [1]