ئەمڕۆ شەممە #25-11-2023#، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژى جیهانیى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى ئافرەتان، #مەسرور بارزانی#، سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتانەوە دووپات کردەوە.
مەسرور بارزانی دەڵێت: ''لە ڕۆژى جیهانیى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى ئافرەتاندا، پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بەگشتی و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان بەتایبەتی، دووپات دەکەینەوە.''
جەخت لەوەش دەکاتەوە: ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوامە لە کارکردن لەپێناو بنبڕکردن و سنووردانان بۆ دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە ڕێگەی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لەناو حکوومەت و جێبەجێکردنی یاساکان و کاراترکردنی ڕۆڵی دادگاکان و دەستگیرکردن و بەسزاگەیاندنی تاوانباران.'' [1]