ئەمڕۆ دووشەممە #20-11-2023#، #مەسرور بارزانی#، سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# لەگەڵ بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی گشتیی ئێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا ئاڵوگۆڕ کرا.
سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان قوربانییەکی زۆری لەپێناو مافەکانی داوە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیووانی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات. وتیشی هەرێمی کوردستان، هەمیشە شوێنێکی تایبەتیی لای من هەیە و بەردەوام دەبم لە پشتیووانی کردنتان.
سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا هەروەها جەختی لە پێویستیی هەبوونی گەشتی فڕۆکەوانیی ڕاستەوخۆی نێوان #هەولێر# و لەندەن کرد.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی بەریتانیای کرد بۆ پشتیووانیی بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان و تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ئێراق و ناوچەکە و جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێم کردەوە لەپێناو سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاساییش لە ئێراق و ناوچەکەدا. [1]