پسپۆڕێکی ئابووری پێی وایە، دوای سەری ساڵ دۆلار بەھای نامێنێ، دەشڵێت: ئەگەر ڕێوشوێنەکان وەک خۆی بگیرێنەبەر نرخی دۆلار جێگیر دەبێت بەگوێرەی ئەو نرخەی حکوومەتی فیدڕاڵی دیاری کردووە.
پڕۆفیسۆر د.خالید حەیدەر، پسپۆڕی ئابووری ڕایگەیاند: لەگەڵ نزیک بوونەوە لە ساڵی نوێ نرخی دۆلار بەرەو دابەزینە و پێم وایە ئەگەر بڕیار و ڕێوشوێنەکان بەرانبەر جێگیرکردنی نرخی دۆلار وەک خۆی جێبەجێ بکرێن ئەوە دوای سەری ساڵ دۆلار بەھاکەی لەدەست دەدات و ئەو بەھایەی ئێستا لە بازاڕ ھەیەتی نامێنێ، چونکە ئەگەر مامەڵەی ناوخۆ ھەمووی بکرێتە دینار ئەگەر ھاووڵاتی دۆلاریشی ھەبێت ناچار دەبێت بیکاتەوە دیناری ئێراقی، ئەمەش کاریگەریی لەسەر نرخەکەی دەبێت.
ئەو پسپۆڕەی ئابووری وتی: بەگوێرەی پێشبینی خۆم و شارەزایانی ئەو بوارە نرخی دۆلار دوای سەری ساڵ دێتەوە ئەو نرخەی حکوومەت دیاری کردووە، بە 132 ھەزار دینار، لەوانەیە نرخی فەرمیی و بازاڕ ئەوەندە جیاوازییان نەمێنێ، بۆ نموونە 100 دۆلار بەرانبەر بە 135 ھەزارێک مامەڵەی پێوە بکرێت.
پڕۆفیسۆر د. خالید حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: خەڵکێکی زۆر لە نرخی دۆلار سوودمەند بووە، ئەوانەی پەیوەندیدار و سوودمەندن لە نرخی دۆلار تەنیا لەم ساڵدا بەقەد بیست ساڵی ڕابردوو قازانجیان کردووە لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، لەبەر ئەوەش پێم وایە لەسەر ھێزی ئەو کەسانەی سوودمەندن دەوەستێت، چونکە ئەگەر ئەوان پێیان بکرێت ناھێڵن نرخی دۆلار دابەزێت. [1]