شرام هەورامی . دزڵی
شێوەکار و پەیکەرسازێکی ناوچەی #هەورامان# بۆ زیندوو ڕاگرتنی شێوەی خانوبەری هەورامان، بۆ ناساندنی ئەم بیناسازییە ناوازە، مێژوویی و دۆستی سرووشتە، شێوەیەک لە کاری هونەری لە دەروازەی هەورامان درووستکردووە و بووەتە شوێنی سەرەنج ڕاکێشانی گەشتیاران.
هەرێمی هەورامان کە بە تایبەتمەندییە ناوازەکانی خۆی لە کوردستان و ناوچەکەدا دەناسرێتەوە، بەردەوام سەرەنجی ئەو گەشتیار و خەڵکانی کە سەردانی ئەم هەرێمە دەکەن ڕادەکێشێت. بۆ باشتر پێشداندانی هەورامان، ئەم گەنجینە ڕەنگاوڕەنگەی کوردستان و ناوچەکە کە هێشتایش لە بەرانبەر هێرشەکانی سیستێمی سەرمایەداری خۆڕاگری دەکات، خەلیل ڕۆستەمی، یەک لە هاووڵاتییانی شارۆچکەی دزڵی هەورامان بە دەرفەتێکی کەم بەرهەمێکی ناوازە بۆ پێکانی ئەم ئامانجە درووستکردووە.
خەلیل ڕۆستەمی خەڵکی شارۆچکەی دزڵیە لە هەورامانی ڕۆژهەڵات، نۆزدە ساڵە وەستایە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەوشوێنەی کە کارەکەی تێدا کردووە و دەڵێت: زۆر شوێن گەڕاوم بۆ ئەوەی ئەم کارەمی تێدا بە ئەنجام بگەیەنم سەرەنجام «دەربەن دزڵی»م هەڵبژارد. چونکە گەشتیار و هاتوچۆکەرێکی زۆری هەورامان بەو شوێنەدا گوزەر دەکەن و دەچن بۆ مەنتیقەکانی هەورامان و خەڵکی کەیفیان بە کارەکەی دێت و دێنوو وێنەی لەپاڵدا دەگرن.
وەستا خەلیل ڕۆستەمی ئاماژەی بەوە دەکات کە ئیش لەسەر درووستکردنی خانوو دەکات بە دەستووری کۆن، بەڵام بە شێوەی بچوک و وە بەم کارەشی سەرنجی گەشتیارانی بە لای خۆیدا ڕادەکێشێت. ڕۆستەمی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: دەربەن دزڵی شوێنێکە کە بە دەروازەی هەورامان ناسراوە چونکە جادەی مەریوان-پاوەی لە سەرە قەرەباڵخە و بەردەوام ئاوەدانە، وە سرووشتێکی زۆر جوانیشی هەیە.
ئەم وەستایەی هونەرمەندە لە بەینی قسەکانیدا ئەم زانیاریانە سەربارەت بە کارەکەی خستە ڕوو کە ئەمە دووەمین کاریەتی کە لە دەربەن دەیکات و دەڵیت کە یەکەمیان لە سەرەتای دەربەندایە لەسەر چیایەکی بەرزوو سەخت کردوویەتی و داربەسی بۆ کردووە و هەموو کارەکانی خۆی کردوویەتی. ڕۆستەمی ئاماژەی بەوەش دەکات کە بەهۆی پێشوازی خەڵکەوە بۆ کاری یەکەمی، کاری دووەمیشی لە بەر خۆشەویستی دێی دزڵی بۆ کارەکەی و جووانی سرووشتی ناوچەکە هەمان شوێنی هەڵبژاردووەتەوە.
وەستا خەلیلی ڕۆستەمی لە دڕێژەی گێڕانەوەکانیدا وەها باس لە کاری بیناسازی لە هەوراماندا دەکات: سوودم لە شێوەو شکڵی دەستووری کۆنی هەورامان وەرگرتووە، هەورامان وەستا بیناسازی گەورەی تێدا بووە و ئێستاش هەیە و دیوارییان بە وشکە چین کردووە و منیش بە هەمان دەستوور کارەکانم کردووە، منیش لەبەر ئەوەی کە کاری بیناسازیی لە هەوراماندا جیاوازە لە شوێنەکانی تر ئەم کارەم کردووە، پێم خۆش بوو گۆشەیەک لە بیناسازی و سەلیقەی هەورامییەکان پیشانی خەڵکی دەرەوە بدەم.
لە کۆتاییشدا ڕۆستەمی سوپاسی خەڵکی دێی دزڵی دەکات کە هاوکاریان کردوون.
ﮪ . ب.[1]