ڕۆژی هەینی #09-06-2023#، د. #ڤیان سەبری#، سەرۆکی فراکسیۆنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە پەڕڵەمانی ئێراق گوتی، لەسەر ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی تا ڕادەیەک ڕێککەوتن کراوە و لە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوو چەند مادەیەک تێپەڕێندران.
د. ڤیان سەبری جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت گۆڕانکاری لە پێشنیازەکانی لیژنەی دارایی پەڕڵەمانی ئێراق لەبارەی ماددەکانی 13 و 14 بکرێت کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا.
لە گۆڕانکارییەکانی ماددەی 14دا، بڕگەی 9، هەرێمی کوردستان بە خەرجکردنی شایستەکانی دارایی پارێزگاکان بەپێی پێوەرە پشتپێبەستراوەکان لەم یاسایە و دادپەروەری و بێ جیاکاری پابەند دەکات، بەپێچەوانەوە حکومەتی فیدراڵی پشکی پارێزگای ناڕازی بەپێی ئەم یاسایە دەبڕێت و ڕاستەخۆ ڕادەستی پارێزگا ناڕازییەکەی دەکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەڕڵەمانی ئێراق ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان جگە لە #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، دژ بە بڕگەی 9ی ماددەی 14ی پڕۆژەیاساکەن و ''هەموومان سوورین لەسەر ئەوەی ئەم بڕگەیە نادەستوورییە و نابێت لەنێو ڕەشنووسەکەدا بمێنێت، چونکە مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت.''
بەگوتەی د. ڤیان سەبری، فراکسیۆنەکانی پارتی، #کۆمەڵی دادگەریی کوردستان#، #یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان# و #نەوەی نوێ# دژ بەو بڕگەیە لە ماددەی 14ەن، بەڵام ئەگەر یەکێتی دەنگی پێ بدات و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش پشتگیری بکات، ئەوە ڕەنگە بە زۆرینەی دەنگ بڕگەکە پەسند بکرێت.
لیژنەی دارایی بڕگەیەکی لە ماددەی 14 سەبارەت بە دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆران زیاد کردووە کە هەرێمی کوردستان بە دانەوەی مانگانە 10٪ی ئەو پاشەکەوتە ئەرکدار دەکات، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەوبارەوە وتی: ''ئەگەر بکرێت دەبێت لە ڕێگەی گواستنەوەی خەرجییەکان بکەوێتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی. ڕاستە ئەمە شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانە، بەڵام دەبێت لە ڕێگەی گواستنەوەی خەرجییەکان، لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پارەی بۆ دیاری بکرێت.''
ئەوە تەنیا فراکسیۆنە کوردستانییەکان نین کە لەسەر ڕەشنووسی یاسای بودجەدا ناکۆکییان هەیە، بەڵکوو لایەنە شیعە و سوننەکانیش ناکۆکن و هەندێکیان داوای گواستنەوەی خەرجییەکان لە پشکی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دەکەن، د. ڤیان سەبری ئاشکرای کرد، ناکۆکیی ئەوانیش تەواو نەبووە و ڕەنگە ئەمڕۆش هەر درێژەی هەبێت.
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی ئێراق کە بۆ سێ ساڵە (2023 و 2024 و 2025) ، قەبارەکەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لەو بڕەش زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە. [1]