سەرۆکی فراکسیۆنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە پەڕڵەمانی ئێراق ئاشکرایکرد: پارتی لەگەڵ یەکڕیزی لایەنە کوردییەکانە بۆ لەناوبردنی پیلانەکانی دژی خەڵکی کوردستان لەوانەش کۆتایی هێنان بە سیاسەتی برسی کردنی خەڵکی کوردستان.
د. #ڤیان سەبری#، سەرۆکی فراکسیۆن پارتی لە پەڕڵەمانی ئێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: فراکسیۆنی پارتی لە پەڕڵەمانی ئێراق جەخت لەسەر یەکڕیزی و یەکگرتوویی لایەنە کوردییەکان دەکاتەوە، هەروەها پێکەوە کارکردنی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بۆ لەناوبردنی هەموو ئەو پیلانانەی دژی هەرێمی کوردستان دادەڕێژرێت کە دوایین پیلانیان ڕووداوەکانی #کەرکووک# بوو، پێشلی هەموو ڕێککەوتنەکان کراوە بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە، ئێمە دەمانەوێ پێکەوە بەگژ ئەو پیلانانەدا بچینەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە سیاسەتی برسی کردنی خەڵکی بێنین، هەرچی ڕێککەوتنی لەسەر کرا بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەچوارچێوەی هاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت جێبەجێ نەکرا.
د. ڤیان سەبری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەمڕۆ 62 ساڵ بەسەر هەلگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا تێدەپەڕێت و وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێن بە جەماوەری کوردستان و سەرۆک بارزانی دەدەین بەردەوام دەبین لەسەر ڕێباز و نەخشەڕێگای بارزانی نەمر بۆ درێژەدان بە خەبات. [1]