سەرۆکی فراکسیۆنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# ڕایگەیاند: تەواوکردنی ڕێژەی یاسایی پەڕڵەمانتاران بۆ دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ هەموو لایەنەکان گرنگە و پەیوەندی بەهەموو شایستە دەستوورییەکانی ترەوە هەیە.
#ڤیان سەبری# سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ڕایگەیاندووە، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان هەوڵدەدەین ڕێژەی یاسایی پەڕڵەمان بۆ ڕۆژی شەممەی داهاتوو #26-03-2022# تەواو بکەین ئەوەش گرنگە بۆ هەموو کوتلەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە شایستەی دەستوورییە و پەیوەندی هەیە بە هەموو شایستەکانی ترەوە لەناویاندا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.
ئەم لێدوانەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەکاتێکدایە وەفدێکی مەکتەبی سیاسی حزبەکەیان بە سەرۆکایەتی #فازڵ میرانی# سکرتێری مەکتەبی سیاسی لە شاری #بەغدا#یە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە و تا ئێستا هەریەک لە پارتی و #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لەسەر ئەو پۆستە نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن و هەردوولایان بە کاندیدی جیا بەشداری کێبڕکێکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەکەن. [1]