ڕۆژی چوارشەممە #15-11-2023# لە سەڵاحەددین سەرۆک #مەسعود بارزانی# پێشوازی لە بەڕێز ڤۆلکەر پێرسێس سەرۆکی تیمی سەربەخۆی پێداچوونەوەی ستراتیژی بە ئەرکی نێردەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق (یونامی) و شاندێکی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا بەڕێز ڤۆلکەر پێرسێس ئامانجی خۆی لە سەردانی بۆ ئێراق و پلانی پێداچوونەوە بە ئەرک و کارەکانی تیمەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق و هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی ئێراقی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێم لە ساڵی داهاتوو (2024)شی کردەوە.
لە بەشێکی تری ئەم دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد کە لە ساڵانی ڕابردوو ڕۆڵی باشیان لە یارمەتیدانی پڕۆسەی سیاسیی ئێراق و چارەسەرکردنی قەیرانەکان گێڕاوە. هەروەها سەرۆک بارزانی کوورتەیەکی لە مێژووی دەستوەردانە هەرێمییەکان لە ئێراق و توندڕۆیی و تاییفەگەری و قەیرانەکان و ئەو نەهامەتییانە باس کرد کە بەسەر گەلی کوردستان و گەلی ئێراقدا هاتووە. داواشی کرد کە کێشە و گرفتەکانی ئێراق لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێت و جەختیشی لەوە کردەوە ئامادەبوونی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەردەوامیی کارەکانیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشتربوونی پڕۆسەی سیاسی و بەدیهاتنی سەقامگیریی ئێراق و چارەسەری گرفتەکان.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و هەڕەشە و تەحەددیاتی بەردەم سەقامگیریی ئێراق و ناوچەکە تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون. [1]