ئەمڕۆ چوارشەممە #15-11-2023# بەڕێز #نێچیرڤان بارزانى#، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز ڤۆلکەر پێرسێس سەرۆکى تیمى سەربەخۆى پێداچوونەوەى ستراتیژى بە ئەرکى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە ئێراق (یوونامى) کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا بیروڕایان دەربارەى ئەرک و سەردانى بەڕێز پێرسێس بۆ ئێراق و دیدار و کۆبوونەوەکانى لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئێراق گۆڕییەوە و تیشکیان خستە سەر ئەرک و کارەکانى تیمى نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانى لە ئێراق و هەرێمى کوردستان.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانى وێڕاى سوپاس و پێزانینى بۆ ڕۆڵ و پشتگیریى نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانس و ڕێکخراوەکانى لە ئێراق و هاوکارییەکانى لە بوار و قۆناغە جیاکاندا، ئاماژەى بە هەوڵ و کارەکانى یوونامى کرد کە دواى پڕۆسەى ئازادى، یارمەتیى ئێراقى داوە بۆ سەقامگیرى و بەرەوپێشبردنى دیموکراسى و باشکردنى کارى دامەزراوەکان.
لاى خۆیەوە بەڕێز پێرسێس، دید و بۆچوونەکانى دەربارەى ئەرکى یوونامى لە ئێراق و داواکاریى ئێراق بۆ پێداچوونەوە بە ئەرکى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکاندا خستە ڕوو، هەروەها سوپاسى سەرنج و بۆچوونەکانى بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستانى دەربارەى کار و ئەرکى نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانى بۆ هاوکارى و یارمەتیدانى ئێراق کرد.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، دۆخى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، دوایین پێشهاتەکانى دۆخى سیاسیى ئێراق و ناوچەکەیان بە گشتى، تاوتوێ کرد. [1]