زیاتر لە هەشت هەزار هەنگەوان لە هەرێمی کوردستان هەن و بەرهەمەکانیان بۆ ئەمساڵ (2023) زیاتر لە 550 تۆن بووە و لە دوای پشکنینە کیمایی، فیزیایی و مایکڕۆڵۆجییەکان لە تاقیگە پێشکەتووەکانی وڵاتان، لە ئەنجامدا بە باشترین هەنگوینەکانی جیهان هەژمار کراوە.
#حکومەتی هەرێمی کوردستان# دەڵێ، لەو چواچێوەیەدا کار بۆ ئەوە کرا #هەنگوین#ی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکرێت و تا ئێستا زیاتر لە دوو تۆن هەناردەی وڵاتی قەتەر کراوە و لە ماوەیەکی تردا هەناردەی وڵاتانی تریش دەکرێت.
ڕزگار حەمەد، ڕاوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ڕایگەیاند: “لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەشت هەزار هەنگەوان لە #ئاکرێ# وە تاکوو سنووری #هەولێر# و #شارباژێر# و #پێنجوێن# و گەرمیان هەن، کۆی گشتی 350 هەزار پوورەهەنگیان هەیە، بەپێی ستانداردی جیهانی بۆ پێداویستیی دانیشتووان، پێویستمان بە زیاتر لە دوو هەزار تۆنە.”
وتیشی: “پلانی ناردنی هەنگوین بۆ دەرەوە، لە ساڵی ڕابردووەوە (2022) دەستی پێ کردووە، بەتایبەت کە هەنگوینی کوردستان کوالێتییەکی باشی هەیە و وڵاتان چاویان لەسەرییەتی. بۆ ئەمەش هەنگوین یەکێکە لەو بەرهەمانەی دەست بە هەناردەکردنی کراوە. دوای ئەوەی چەندین کۆمپانیا لە ڕێگەی یاساییەوە داوایان پێشکەش کرد، لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و نووسینگەی سەرۆک وەزیران لە دوای پشکنینی هەنگوینەکە، پڕۆسەی ناردنی هەنگوین دەستی پێ کردووە.”
ئەو هەنگوینەی هەناردە کراوە، هەنگوینی ناوچەکانی #سەفین#، ئاکرێ، #پشدەر#، #بتوێن#، شارباژێر، #کەلار# و #هەڵەبجە#ی تێدایە و جوتیارانی هەموو کوردستان بەشدارییان لە پڕۆسەکە کردووە. جگە لەوەش هەنگوین بۆ ناوەوەی کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی ئێراق دابین دەکرێت.
وەک ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ کردووە، “هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران بەردەوامە، تا ئێستا، هەنار، پەتاتە، هەنگوین، برنج، سماق، هێلکە، مریشک، تەحین، کونجی، زەیتی زەیتوون هەناردەی دەرەوە کراون. لە ماوەیەکی نزیکدا، سێو و ترێ هەناردە دەکرێن و کار بۆ هەناردەکردنی شیرەمەنییەکان دەکرێت”. [1]