#قوباد تاڵەبانی#، جێگری سەرۆک وەزیران لە وتارێکدا لە دیداری #سلێمانی# بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕایگەیاند: بە داخەوە تا ئێستا پرسی توندوتیژی دژی ژنان لای بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگە و تەنانەت لای بەشێک لە نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری پرسێکی پەراوێز بووە.
لە دیدارەکەدا کە ڕۆژی یەک شەمە، #26-11-2023# لە سلێمانی بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا پرسی توندوتیژی دژی ژنان بە تەنیا بە حکومەت و ڕێکخراوەکان چارەسەر نابێت و دەبێت ئەم پرسە ببێتە پرسی هەمووان و پێویستیی بە کاری پێکەوەیی لەنێوان حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و ڕۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینی و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەیە. هەروەها وتیشی: ناکرێت لە پڕۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا دوو کێشە چارەسەر بکرێت و کێشەکانی دیکە فەرامۆش بکرێن.
جێگری سەرۆک وەزیران، جەختیشی کردەوە یەکێک لەو بوارانەی کە دەبێت گەشەی تێدا بکرێت، باشترکردنی دۆخی ژنان و کەمکردنەوەی ئاستی توندوتیژی خێزانییە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، قوباد تاڵەبانی داوای کرد ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان لەپێناو هۆشیاکردنەوەی زیاتری کۆمەڵگە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵک درووست بکەن، میکانیزمێک و شێوە ڕێکخستنێک درووست بکەن کە بەردەوامیی و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکدا گفتوگۆ بکەن، بە تایبەتیش لەگەڵ ئەو بەشە لە کۆمەڵگە کە ڕێژەی توندوتیژی لەناویاندا بەرزترە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا جەختی کردەوە کە دەبێت هەمووان پێکەوە لە بچوکترین کێشەی بەردەم ژنان و کچانەوە هاودەنگ بن تا دەگاتە گەورەترینیان کە کوشتنی بەناو شەرەفە و بە یەکەوە و بە یەک دەنگ بڵێین: =KTML_Bold=“هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە”=KTML_End=. [1]