جێگری سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# لە پانێلی (پەیوەندییەکانی #هەولێر# و #بەغدا# و داهاتووی ئێراق) لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاساییشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند: دەستوورێکی هاوتەریب لەگەڵ بەغدا، بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە هەرچەندە کێشە سەرەکییەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناکات ، دەشبێت پرسی فێدڕالیزم لە ئێراق چارەسەر بکرێت، چونکە بەبێ چارەسەرکردنی ئەو پرسە دەستووری کوردستانیش چارەسەر نابێت.
#قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پانێلی (پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و داهاتووی ئێراق) لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاساییشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی لە #دهۆک# ڕایگەیاند: بوونی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و پێویستە دەستوورمان هەبێت، بەڵام پێویستە دەستوورەکەمان لەگەڵ دەستووری ئێراق هاوتەریب بێت، نەک پێچەوانە بێت.
ڕاشیگەیاند: لەگەڵ ئەوەی چەندین جار لەلایەن ئێراقەوە بۆ مافە دەستوورییەکانمان، دەستوور پێشێل کراوە، بەڵام بەشێکی ئەو پێشێلکارییەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان نەبوونی دەستوورمان هەیە.
جێگری سەرۆکی حکومەت ڕاشیگەیاند: بەڵێ کوردستان پێویستی بە دەستوورە، بەڵام دەستوور کێشە سەرەکییەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناکات وەکوو پرسی گرنگی بودجە و مووچە کە بوونەتە کێشەی گەورە لە کوردستان، هەرچەندە کێشەکە لە دەستووری ئێراق و زارەوەکانیدا ناو دەستوور نییە، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا پێکهاتەکانی ئێراق دەتوانن و دەیانەوێت پێکەوە بژین؟
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی ڕاگەیاند: وەک کورد پێویستە پێش هەموو شتێک، نێوماڵی خۆمان یەکبخەین، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا فەرامۆش بکەین، بە پێچەوانەوە پێویستە ئەو پەیوەندیانە بەهێزتر بکەین، هەروەها پێویستە پرسی فیدراڵیزم لە ئێراق چارەسەر بکرێت، چونکە بەبێ چارەسەرکردنی ئەو پرسە دەستووری کوردستانیش چارەسەر نابێت و ئەم کێشانە پێکەوە بەستراون.
لەبارەی فیدراڵیزمیشەوە جێگری سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند: پێکهاتەکانی ئێراق بەشێوەیەکی جیاواز پێناسەی فیدراڵیزم دەکەن دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵیش دەبێتە هۆی بوونی هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکانی ئێراقدا، بەبێ ئەنجوومەنی فیدراڵیش دەکرێت سیستمی فیدراڵیزم لە ئێراق جێبەجێ بکرێت، هاوکات پێویستە گفتوگۆی ڕاستگۆیانە لەبارەی داهاتووی ئێراقەوە هەبێت. [1]