پارێزگاری #هەولێر#، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دووبارەبوونەوەی هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەخزمەتی هیچ لایەنێک نییە و هەولێر ئێستا چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەرە و دەبێت بە پارێزراوی بمێنێتەوە هەرچی زووە دەبێت ڕێکاری ئەمنی توندی بگیرێتەبەر.
#ئومێد خۆشناو#، وتی: ئەوە چەندین جارە #فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی# دەکرێتە ئامانج، دەرئەنجام هەر هێرشێک ببێتە هۆی ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسی هەولێر لە بەرژەوەندی ناوچەکە نییە، هەولێر چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەرە و ئومێدی گەورەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، ناوەندێکی گرنگی ئاڵوگۆڕی دراو و جوڵەی بازرگانی جیهانە، ناکرێت لەژێر هیچ پاساوێکدا هێرش بکرێتە سەر هەولێر، هەرچی ڕێکارە دەبێت بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی چیدیکە ئەو هێرشانە دووبارە نەبنەوە و هەولێر نەکرێتە ئامانج، بەداخەوە بەشێک لەو هێرشانە شوێنی مەدەنی و هاتوچۆی هاووڵاتییانی کردووەتە ئامانج، ئەمە مەترسیدارە و دەبێت هەرچی زووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو هێرشانە بێنە سەرخەت و ڕێکاری توند بگرنە بەر.
ڕاشیگەیاند: چاومان لەوەیە سەرۆکی ئەمەریکا ڕەزامەندی بدات لەسەر ناردن و جێگریکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەولێر لەپێناوی پاراستنی ئارامی و سەقامیگری، چونکە ئێستا زیاتر لە 40 نوێنەرایەتی جیهان لە هەولێر هەیە ناکرێت بەئامانجگرتنی چەند گرووپێک بە موشەک ئارامی ئەم شارە بخرێتە مەترسییەوە، ئەکری حکوومەتی ئێراقیش سەروەری خۆی بپارێزێت و هەڵوێستی توند وەربگرێت بۆ ئەوەی سەرچاوەی وەشاندنی ئەو موشەکانە بۆ سەر هەولێر بنەبڕ بکەن و ئەو گرووپانە کۆنترۆڵ بکەن بۆ ئەوەی چیتر کوردستان نەکەنە ئامانج. [1]