#قوباد تاڵەبانی#، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ ڤۆلکەر پێرسێس، سەرۆکی تیمی سەربەخۆی پێداچوونەوەی ستراتیژی بە ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق (یونامی) کۆبوویەوە و پێکەوە باسی دواپێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەمە، #15-11-2023#، لە #هەولێر# بەڕێوەچوو و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوو، تیشکیان خستە سەر ڕۆڵی تیمى نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان. قوباد تاڵەبانی سوپاس و ستایشی ڕۆڵی گرنگ و دیاری ئەوانی کرد و لەوبارەیەوە ئاماژەى بە هەوڵ و کارەکانى یونامى کرد لە یارمەتیدانی لایەنە سیاسییە ئێراقییەکان بۆ پاراستنی ئاساییش و سەقامگیرى و چارەسەر کردنی کێشەکان لە ڕێی دیالۆگەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ڕەوشی ناوخۆى هەرێمى کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و #بەغدا# خرایە بەرباس و جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا بەردەوامن و ئامانج ئەوەیە گرفتەکان لە ڕێگەی یاسا و دەستوورەوە چارەسەر بکرێن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ڤۆلکەر پێرسێس، پلان و بەرنامەی یونامى بۆ داهاتوو خستەڕوو، و ئاماژەی بەوەشدا کە ئامادەن بەردەوام بن لە هەماهەنگی لەگەڵ ئێراقییەکان. [1]