تەنیا ئەحمەد
#ئەردۆغان# لە لێدوانێکدا لەبارەی شەڕی غەززە وتی، هیچ جیاوازییەک لەنێوان هیتلەر و نەتەنیاهوودا نییە و وەکوو یەک تاوانیان کردووە. نەتەنیاهووش لە وەڵامدا وتی، ئەوەی کۆمەڵکوژیی کورد بکات نابێت وانەی ئەخلاقمان فێربکات.
ڕۆژی چوارشەممە، 27-12-2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، ئەردۆغان، ئەو کەسەی کە جینۆسایدی کورد دەکات، ئەو کەسەی کە پێوانەی جیهانیی شکاندووە لە زیندانکردنی ڕۆژنامەڤانان کە دژی ئەو قسە دەکەن، دوایین کەسە کە وانەی ئەخلاقمان فێربکات.
ئەم لێدوانەی نەتەنیاهوو دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا وتی، هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان ئەو کردەوانەی کە بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە غەززە کردوویەتی لەگەڵ ئەو کردەوانەی کە ئەدۆڵف هیتلەری نازی چەندین دەیە پێش ئێستا کردوونی.
ئەردۆغان وتی، ئێوە چۆن نەتەنیاهوو و هیتلەر لێک جیا دەکەنەوە؟ چونکە ئەو کردەوانە هیتلەرمان بیر دەهێننەوە، ئایا نەتەنیاهوو شتێکی کەمتری لە هیتلەر کردووە؟ نەخێر.
نەتەنیاهوو لە بڵاوکراوەکەیدا دەڵێت: هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل بە ئەخلاقترین سوپای جیهانن کە شەڕی دڵڕەقترین تیرۆریستانی جیهان دەکەن و لەنێویان دەبەن. ئەو تیرۆریستانە ڕێکخراوەکانی حەماس و داعشن کە تاوانیان دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە و ئەردۆغانیش بەسەریاندا هەڵدەدات و میوانداریی سەرکردەکانیان دەکات.
چەند جارێکە ئەردۆغان و نەتەنیاهوو هێرش دەکەنە سەریەک. ڕۆژی 15-11-2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ قەشە فرانکلین گراهام، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی مرۆیی سەماریتانز پێرس، تورکیای بە پاڵپشتییکردن لە تیرۆریستان تۆمەتبارکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ئەردۆغان ئیسرائیلی بە دەوڵەتی تیرۆر وەسفکرد.
لە گوتەیەکدا نەتەنیاهوو ڕایگەیاند، هەندێک هێز هەن، پاڵپشتیی لە تیرۆریستان دەکەن، یەکێک لەوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیایە کە بە ئیسرائیل دەڵێت 'دەوڵەتی تیرۆر'، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە؛ ئەو پاڵپشتیی تیرۆریستانی حەماس دەکات. ئەو خۆی چەند گوندێکی تورکیای لەنێو تورکیا بۆمباران کردووە، بۆیە هیچ وانەیەک لەوان وەرناگرین.
هاوکات، ئەردۆغان لە پەڕڵەمانی وڵاتەکەیەوە وتی، ئێستا لێرەوە داوا لە نەتەنیاهوو دەکەم. چەکی ئەتۆمت هەیە یان نا؟ ڕوونی بکەوە، بەڵام ناتوانێت. ئەی ئیسرائیل، تۆ چەکی ئەتۆمت هەیە و هەڕەشەی پێدەکەیت. ئێمە ئەوە دەزانین. هەروەها ئەجەلت دێت. تا دەتوانیت ببە خاوەن چەکی ئەتۆم، بەڵام تۆ دەڕۆیت.
زیاتر لە دوو مانگ و نیوە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە.
جەنگەکەش دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە ڕۆژی 7ی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسای دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرانبەردا ئۆپەراسیۆنی شمشێری ئاسنینیی ڕاگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکوو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
ڕۆژی چوارشەممە، 27-12- 2023، تەندرووستیی غەززە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، تا ئێستا کوژرانی 21 هەزار و 110 کەسمان لە شەڕەکەدا تۆمار کردووە. هەروەها 55 هەزار و 243 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون.[1]