دانیشتنی دادگای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# تایبەت بە یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆتایی مانگی داهاتوو دواخرا.
هەرچەندە بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە #27-12-2023#، دادگای فیدراڵی ئێراق لەسەر سکاڵایەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە تایبەتە بە پێنج ماددە لە یاسای هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام دانیشتنەکە بۆ #21-01-2024# دواخرا.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتریش چەند جارێکی دیکە دانیشتنەکەی دادگای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی یەکێتی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دواخراوە.
سکاڵاکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن #زیاد جەبار# سەرۆکی فراکسیۆنەکەی لە خولی پێنجەمی پەڕڵەمانی کوردستان لەسەر ماددەکانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی کوردستان تۆمارکراوە، هەروەها یەکێتی لە ڕێگەی ئەم سکاڵایەوە دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی 25ی شوباتی داهاتووی پەڕڵەمانی کوردستان، کار بە یاسای ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستانی ئێراق بکرێت، کە ساڵی 1992 لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە دەرکراوە. [1]