بەرپرسی ھەڵبژاردن لە مەکتەبی ڕێکخستنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە #موسڵ# وتی: ھەر لە ئێستاوە دانووستان بۆ درووستکردنی ھاوپەیمانییەتییەک لە مووسڵ دەستی پێ کردووە و چاوەڕێ دەکرێت دوای سەری ساڵ و ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دانووستانەکان گەرموگوڕتر بن، بەڵام تێبینی زۆرمان لەسەر پڕۆسەی دەنگدان ھەیە و سکاڵاشمان تۆمارکردووە.
سەیدۆ چەتۆ، بەرپرسی ھەڵبژاردن لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، وتی: دانووستان دەستی پێ کردووە لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان سەرکەوتوو بوونە بە مەبەستی پێکهێنانی ھاوپەیمانییەتییەک بۆ درووستکردنی حکوومەتی خۆجەیی مووسڵ، بۆیە لە ئێستاوە دانووستان دەستی پێ کردووە و دوای سەری ساڵ فراوانتریش دەبن، چونکە ئەو کات ئەنجامەکانیش بەفەرمی ڕادەگەیندرێن.
سەیدۆ چەتۆ وتیشی: ھەوڵدەدەین لەگەڵ لایەنەکان ھاوپەیمانییەتی درووست بکەین و حکوومەتی خۆجێیی درووست بکەین، چونکە ئێمە لە پارێزگای مووسڵ لیستی دووەمین و ئەم جارە ڕێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن کەمبوو تاوەکوو دوو سەعات مابوو وادەی دەنگدان تەواو بێت ڕێژەکە 20% بوو لە ماوەی دوو سەعات بووە 52% ئەنجامەکە بەم شێوەیەی لێهات، بۆیە ئێمە سکاڵامان تۆمار کردووە و داوامان کردووە لێکۆڵینەوە بکرێت و 4ھەزار و 447 وێستگە دووبارە ھەژمار بکرێنەوە.
چەتۆ باسی لەوەش کرد: ھیچ حکوومەتێک لە پارێزگای مووسڵ درووست نابێت ئەگەر ڕای پارتی وەرنەگیرێت و بەشداری تێدا نەکات، بۆیە پارتی لە پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی مووسڵ ڕۆڵی سەرەکی دەبێت. [1]