ناونیشان بابەت: $ لەتیف هەڵمەت... شۆڕشێکی شیعری و ئەدەبی$
ناوەرۆک: وتاری ئەدەبی
نووسینی: محەمەد فاتیح حامید
#لەتیف هەڵمەت# ، شاعیرێکی سۆفی، شاعیرێکی یاخی، ناوی تەواوی لەتیف کوڕی شێخ مەحمود کوڕی شێخ محەمەدی #کەسنەزان#ە، شاعیر و ئەدیبێکی کوردە و ساڵی 1947 لە شارۆچکەی #کفری# سەربە پارێزگای #سلێمانی# هەرێمی باشووری کوردستان لەدایکبووە.
لە خانەوادەیەکی ڕۆشنبیر و ئایین پەروەری سۆفییە و بنەچەی دەچێتەوە سەر ئیمامی حسێنی کوڕی عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب و بەدەیان پەرتووکی ئەدەبی و چیرۆک و هۆنراوەی بەچاپ گەیاندوە و جەنگاوەرێکی هێزەکانی پێشمەرگەش بووە.
لەکارەکانی لەتیف هەڵمەت: (خوا و شارە بچکۆلەکەمان 1970، ئامادەبوون بۆ لەدایکبوونێکی تر 1973، پرچی ئەو کچە ڕەشماڵی #گەرمیان# و کوێستانمە 1976، ئەو نامانەی کە دایکم نایانخوێنێتەوە 1979، ئەو هۆنراوەیەی کە تەواو دەبێت و تەواو نابێ 1979، وشەی جوان گوڵە گوڵ 1979.)
لەتیف هەڵمەت زیاتر لە 79 بەرهەمی چاپ و بڵاو کردووەتەوە، لە بوارەکانی هۆنراوە بە کوردی و عەرەبی، لێکۆڵینەوەی عەرەبی و کوردی، هۆنراوە بۆ منداڵان، چیرۆک و شانۆنامە، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە.
هۆنراوەەکانی لەتیف هەڵمەت بۆ زۆرێک لە زمانەکانی جیهان وەرگێڕاون و بڵاو کراونەتەوە، وەک عەرەبی، فارسی، تورکمانی، ئەڵمانی، ئینگلیزی، هۆڵەندی، سویدی و فەرەنسی، دەیان لێکۆڵینەوە بە کوردی و عەرەبی و فارسی لەسەر هۆنراوەکانی لەتیف هەڵمەت کراوە و چاپ و بڵاو کراونەتەوە، بەدەیان کەسیش ماستەر و دکتۆرایان لەسەر بەرهەمەکانی وەرگرتووە، ژمارەیەک خەڵاتی ناوخۆیی و جیهانیی پێ بەخشراوە لەوانە خەڵاتێکی سویدی لە بواری هۆنراوەی منداڵاندا، سەرەڕای ئەمانەش لەهەڕەتی لاوێتیدا لە ساڵانی حەفتاکاندا چووەتە نێو ڕیزەکانی هێزەکانی پێشمەرگەوە.
لەتیف هەڵمەت لەسەر ژیانی خۆی دەدوێت و دەڵێت:
(لە ماڵێکی ڕۆشنبیردا لە دایکبووم، هەر بە هەشت نۆ ساڵی لە مەجلیسەکانی باوکمدا عاشقی هۆنراوەی حافزی شیرازی، سەعدی شیرازی، فەریدەدینی عەتار، جەلالە دینی ڕۆمی، خەیام، بێ د، فیردەوسی و ابن عەرەبی بووم ، باوکم ئەو هۆنراوەانەی بۆ میوان و موریدەکانی دەخوێندەوە و دەیکردن بە کوردی و منیش گوێم لێدەگرت، دوای ئەوسا خۆم سەوداسەری هۆنراوەی نوێی عەرەبی و ئەورووپایی بووم، بەدر شاکر السیاب، عەبدولوەهاب البیاتی، بلند الحیدری، ادونیس، انسی الحاج، نزار قبانی، مەحمود درویش و سمیح القاسم، ت س الیوت، شللی، بایرون، کیتس، عەزرا پاوەند، مایکوفسکی، پۆشکین، ئێنا اخماتوفا، نازم حیکمەت، اراغون، بیکت، لورا، الوار، ڕامبوو و بودلیر و سەدان شاعیری دیکەی کۆن و نوێ بووم و زۆر جار ژەمێک یان دوو ژەم مانم لەخواردن دەگرت یان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەڕۆژوو دەبووم تاوەکوو خەرجییەکانم نەدەم بەخواردن و پەرتووکی پێبکڕم، زۆر جار هێندە قوڵدەبمەوە لەخوێندنەوە تا ئەو کاتەی گوێم لە بانگی بەیانی دەبێت دەخوێنمەوە، کاتی خۆی دەچوم لە دار الکتب القدیمە و شەقامی موتەنەبی لە بەغدا پەرتووکم دەکڕی، هێندە خوێندمەوە و پەرتووکم کڕی تاوەکوو ژوورە پڕ لەپەرتووککەم بوو بە خەڵوەتگا و شوێنی خەڵوەتم!.
هەڵمەت دەڵێت: ئەگەر نیوەی سامانی جیهانم هەبوایە لەسەدا 90% یم دەدا بەکڕینی پەرتووک و خۆشترین ڕۆژم ئەو ڕۆژانەن کە پارە دەدەم بە پەرتووک کڕین یان چاپکردنی و هاوڕێی هەمیشەیشم هەر پەرتووکە، زۆر جار لەکفری و #کەرکووک# ەوە سەفەرم کردووە بۆ #بەغدا# تەنیا لەپێناو کڕینی چەند پەرتووکێک و هەندێک جار زیاتر لەجارێک سەفەرم دەکرد تاوەکوو ئەو پەرتووکانەم دەستبکەوێت کە مەبەستمە، پەرتووک بووە بە خواردن و خواردنەوەم و پەیوەندییەکی زۆر خۆشم لەگەڵ هەموو پەرتووکەکان هەیە بەتایبەتیی لەگەڵ هۆنراوەدا، ساڵی 1969 یەکەم هۆنراوەم لە گۆڤاری ڕزگاری لە سلێمانی بڵاوکردەوە، یەکەم دیوانە هۆنراوەیشم ساڵی 1970 لەژێر ناونیشانی خوا و شارە بچکۆلەکەمان بڵاوکردەوە، یەکەم پەرتووکی هۆنراوەیشم بۆ منداڵان ساڵی 1979 لەژێر ناونیشانی جوانترین گوندەکان بڵاوکردەوە و ساڵی 1970 بوم بە ئەندامی لەیەکێتی نووسەران.
لەتیف هەڵمەت سەرەڕای ئەوانەی باسمان کرد ، مرۆڤێکی زۆر بەخشندەیە و زۆر جار پارە بەسەر کەسوکارەکەیدا یان بەسەر کەسانی کەمدەرامەت و دەست کوورتەکان و هەژاراندا دەبەخشێتەوە و بگرە چۆن حەزی لەکڕینی پەرتووکە ئەوەندەش ئارەزوی خێرخوازی و بەخشین دەکات و شانبەشانی پەرتووک کڕین، دەبەخشێت!، بەهەمان شێوە زۆر بەبەزەیی و میهرەبانە لەگەڵ ئاژەڵ و باڵندەکان و داڵدەیان دەدات و خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین دەکات.
هەڵمەت لەباسی خۆیدا دەڵێت:
من لەتیف شێخ مەحمود شێخ محەمەد کەسنەزانیم ناسراوم بە لەتیف هەڵمەت، باپیرم لە گوندی کەسنەزان ی سەربە پارێزگای سلێمانی لەدایکبووە.و ڕویکردووەتە گەرمیان بۆ بڵاوکردنەوەی تەریقەتی قادری کە تەریقەتێکی ئایینییە، و ساڵی 1947 لە شاری کفری لەماڵێکی پڕ لەپەرتووک لەدایک بومە و باوکیشم شاعیر بووە.و شێخی ناوچەکە بوو ، ساڵانە بەهەزاران کەس دەهاتن بۆ لای تاوەکوو نزایان بۆ بکات، ڕۆڵی پزیشکێکی ئەو سەردەمەی دەبینی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێتی و شێرپەنجە و ئەو ژنانەی منداڵیان نەدەبوو یان لەباریان دەچوو.
من لەماڵێکی پڕ لە پەرتووک و ئەفسانە و ئایین پەروەر لەدایک بومە، هەر بۆیە وەکوو منداڵێکی ئاسایی نەبووم و لە ناخمدا یاخی بوون هەبوو، یاخیبووم لە زۆربەی شتەکان و حەزم بە تازەگەری هەبوو، هەر بۆیە لەو بازنەیەی بۆم کێشرابوو دەرچووم و یاخیبووم و هەر بەم هۆیەوە نازناوی هەڵمەتیان لێنام، هەڵمەت بۆ سەر شتە کۆنەکان بۆ سەر شتە باوەکان و دژ بەهەمووی وەستامەوە.
لەتیف هەڵمەت بەیەکەم شاعیر هەژمار دەکرێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ئێراق و بگرە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کە پلەوپایەی حکومی و حزبی پێشکەشکراوە و ڕەتیکردووەتەوە، بەپلەی وەزیریشەوە!، بەهەمان شێوە ڕەتیکردووەتەوە بچێتە نێو حزب و سیاسەتەوە و دژ بەهەموو ئەو دەسەڵات و ڕژێمانە وەستاوەتەوە کە تێوەگلاون لەگەندەڵی و ستەم و زۆرداری لەهەر شوێنێکی سەر گۆی زەوی بوونیان هەبووبێت، بە تایبەتیی لە ئێراق و هەرێمی کوردستان!.
کاتێک تەمەنی لەنێو 12 بۆ 13 ساڵاندا دەبێت گوێی لەدەنگەدەنگێک دەبێت، کە دەچێتە دەرەوە تەماشا دەکات هێزەکانی (حەرەس قەومی) تەرمی چەند چەنگاوەرێکی پێشمەرگە بەشەقامەکانی کفریدا ڕادەکێشن، ئەم ڕووداوە وایلێکرد بەبێ ویستی خۆی دەست بدات قەڵەم و بۆ یەکەم جار هۆنراوە بنووسێت!.
لە ساڵی 1970 لە کۆنگرەی دووەمی #یەکێتی نووسەرانی کورد# لەگەڵ #فەرهاد شاکەلی# هاوڕێی بەیاننامەی گرووپی کفریان خوێندەوە ئەو گرووپەی بانگەشەی بۆ تازەگەرێتی دەکرد لەهۆنراوەی کوردیدا و دژی هەموو بیرۆکە باوە کۆنەکانی هۆنراوە نووسینەوە بوون.
لەتیف هەڵمەت بەڕوونی یاخیبوونی پێوە دیارە و توانیوێتی چەندین گۆڕانکاری سەردەمیانە لەچۆنێتی نووسین و بابەتە هۆنراوەیەکاندا بکات، کە پێش ئەو بوونیان نەبووە. یاخیبوونی لەتیف هەڵمەت تەنیا لەنووسیندا بەدی ناکرێت بەڵکوو هەموو لایەنەکانی ژیانی گرتووەتەوە، جارێگیان بەڕۆژی ڕووناک فانۆسێک دەگرێت بەدەستییەوە و بەشەقامەکانی کفریدا گوزەر دەکات، جارێکی دیکەش قژی بەشێوازێکی نوێ دەبڕێ و پەرتووکێک دەگرێت بەدەستییەوە و لە یەکێک لە چایخانەکانی کفری لەنێو هاژەهاژی دەنگی تاوڵە و دۆمینەدا دەخوێنێتەوە.
لەیەکەم ڤیستیڤاڵی هۆنراوەیش لە کەرکووک کاتێک کە ڕێگریان لەگەنجەکان دەکرد هۆنراوە بخوێننەوە هەرایەکی گەورەی نایەوە و پۆلیسی کەرکووک دەستگیریان کرد، هەڵمەت دەڵێت: بەهۆی سیاسەتەوە دەستگیرنەکراوم بەڵکوو بەهۆی داکۆکیکردنم لەهۆنراوەی نوێ.
ئەستەمە بتوانیت ڕەوتەکانی لەتیف هەڵمەت دەستنیشان بکەیت، دەمێک وەکوو سۆفیەک دەردەکەوێت و دەمێکیش وەکوو سیریالی، بۆ ئافرەت و خۆشەویستی دەنووسێت و دەمێکیش بۆ نیشتمان و داکۆکی لێدەکات، بەڵام تازەگەری و یاخیبوون هەمیشە بە نووسینەکانییەوە دیارە، خۆیشی زۆر جار بە شاعیرێکی سۆفیگەری یان یاخیبوو ناوەزەند دەکات، بەڵام ژیانی ئاسایی خۆی بەدەر نییە لە سۆفیگەرێتی بەڵکوو لەحاڵەتێکی سۆفیگەرێتی بەردەوامدا دەژی!
لەتیف هەڵمەت، شاعیرێکی یاخی، شاعیرێکی سۆفی، منداڵێکی هاروهاج، جەنگاوەر، عاشق، دڵدار، شۆڕشگێر، بڵندی، ئیعجازێکی هۆنراوەی، حاڵەتێکی بێ وێنە، ئەفسانەیەکی مێژوویی، تازەگەریەکی تازە، پێنووسێکە لەسەر پێیەکانی دەڕوات و بۆ هەتاهەتایە لە مێژوودا نووسینەکانی قوڵپ دەدەن و وشک ناکەن! [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!