لە دەستپێکی یارییەکانی جەولەی سێیەم لە قۆناغی یەکەمی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی ئێراق لە کاتژمێر 2:00 ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی #15-12-2023#، تیمی تۆپی پێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە لەسەر یاریگەی خۆیدا لە ناوچەی فەرماندەی میوانداری لە یانەی ئەلکەرمە کرد.
لەو یارییەدا و هەر لەسەرەتاوە یاریزانانی ئەلکەرمە توانیان گۆڵی یەکەم لە ڕێگەی یاریزان (بڕۆنۆ) تۆمار بکەن و بە گۆڵێک لە پێشبن.
ئەمە و لە هەمان گێم و لە خولەکی 45+3 (دیاگۆ سانتۆس) دووەم گۆڵی بۆ یانەی ئەلکەرمە تۆمار کردوو ئەنجامی ئەو گێمە بە سوودی یانەی میوان کۆتایی هات.
لەگەڵ دەستپێکی گێمی دووەم پێشمەرگەکان چونەوە نێو کەشی یاری و لە خولەکی 55 یاریزان، (دانا مستەفا) بە لێدانی پەناڵتی گۆڵی یەکەمی تۆمار کردوو هەروەک لە دوایی 6 خولەکی ئەو گێمە یاریزان، (ستیڤن سارفۆ) گۆڵی دووەم و یەکسان کردنەوەی بۆ تیمەکەی شاری #سلێمانی# یەکلاکردەوە.
هەر لە درێژەی چڕبوونەوەی هێرشەکانی یاریزانانی پێشمەرگە و لە خولەکی 74 یاریزان، (هاوکار جەمال) بە لێدانێکی سەرنج ڕاکێش تۆپێکی ئاڕاستەی گۆڵی یانەی ئەلکەرمە کردوو لەگەڵ ئەوەی ئەو تۆپە چووە نێو گۆڵی گۆڵپارێزی یانەی میوان بەڵام ناوبژیوان هەژماری نەکردوو تا کۆتایش ئەنجام بەو شێوەیە و بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەکیان مایەوە.
[1]