ڤیدیۆی دیکۆمێنتاری نەبی ناحوم کە لەسەر خاکی کوردستان لە دایکبووە، لەسەر خاکی کوردستان ژیاوە، لە کوردستان کۆچی دوای کرد و مەزارگەی لە کوردستانە.
لە ئەم دیکۆمێنتارییە چەند زانیاریەک لەسەر شوێن و سەردەم و ئایینەکەی دەخەینەڕوو.
=KTML_Bold=تێبینی:=KTML_End= هەر کەس و گرووپێک مەبەستی بێت سەردانی مەزارگەکەی بکات، پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی شارەکە بکات، چونکە شوێنەکە پارێزراوەو داخراوە
سوپاس بۆ بەڕێوەبەری شارەدێیکە هاوکارمان بوو بۆ ئەم گەشتە.
=KTML_Bold=چەند زانیارییەک لەسەر نەبی ناحوم و شارۆچکەی ئەلقۆش=KTML_End=
گۆڕی پێغەمبەر ناحوم، دەکەوێتە ناو بەشی باکووری شارۆچکەی ئەلقۆش لە هەرێمی کوردستان.
شارەدێی ئەلقۆش، لە ڕووی کارگێڕی سەربە شارۆچکەی تلکێفە لە پارێزگای موسڵ. 46کم لە ناوەندی شاری موسڵ و 40کم لە #دهۆک# و 140کم لە #هەولێر# دوورە.
دانیشتوانی شارەدێی ئەلقۆش سەرجەمیان کریستیانن، چەند شۆێنێکی شۆێنەواری و ئایینی گرنگی لێیە. کە یەکێک لەو شوێنەوارە ئایینیانە، گۆڕ و ئارامگەی پێغەمبەر ناحومە.
نەبی ناحوم، لە ساڵەکانی 600 پێش زاین ژیاوە، لە پەرتووکی پیرۆزی یەهودی وەک یەکێک لە پێغەمبەرەکان بە (نبی ناحوم ئەلقۆشی) ناوی هاتووە، گوندەکە جوو نشین بووە، بەتایبەت ئەو جووانەی کە 800 ساڵ پێش زاین لەلایەن یەکێک لە پاشاکانی ئاشووری لە فەلەستین ڕاگوێزران و لە هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان و ئێراق نیشتەجێ کران. ئەم پێغەمبەرە پێشبینی کردووە کە ئیمپراتۆریەتی ئاشووری کە پایتەختەکەی نەینەوا (موسڵ) بووە دەروخێت، لە ساڵی 612ی پێش زایین ئیمپراتۆریەتی ئاشووری لەلایەن ئیمپراتۆریەتی میدیا بە هەماهەنگی ئیمپراتۆریەتی بابلی دەروخێنرێت و ناوچەکە دەبێت بە بەشێک لە دەوڵەتی میدیا، دەوڵەتی میدیا بە یەکەم دەوڵەتی کوردی دادەنرێت.
سەری ساڵی کوردی بۆ 700 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، کە بە ساڵی دامەزراندنی دەوڵەتی میدی دادەنرێ.
دوای بڵاوبوونەوەی ئایینی کریستیان لە سەدەی چوارەم لە کوردستان و ئێراق، ژمارەیەک لە کەسایەتییە ئایینیەکانی کریستیان لە کوردستانی باکوور و کوردستانی ڕۆژاوا بۆ هەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن و لە سنووری دهۆک و موسڵ نیشتەجێ دەبن و کاریگەریی زۆریان لەسەر بڵاوکردنەوەی ئایینی کریستیان دەبێت، مار مەتی ناسک یەکێک لەو پێشەوا ئایینیانە دەبێت کە کاریگەریی زۆری هەبوو لە بڵاوکردنەوەی کریستیانەت لەم ناوچەیە، کۆنترین و بەناوبانگترین دێر لە چیای مەقلوب بەناوی کراوە، دواتر مار ڕەبان هورمز کاریگەریی زۆری لەسەر ناوچەکە دەبێت، بۆیە لە ساڵی 640 ز دێر مار هورمز لە ئەلقۆش درووست دەکرێ و دەبێتە ناوەندێکی گرنگی ئایینی کریستیان و یەکێک لە دێرە بەناوبانگەکانی جیهان، شوێنەکە بۆ کریستیانەکانی ئێراق و کوردستان و جیهان بە گرنگ هەژمار دەکرێ، بۆیە تاکوو ئەمڕۆش زۆربەی دانیشتووانی شار و شارۆچکە و گوندەکانی دەڤەرەکە کریستیانن و بەئارامی لەگەڵ کوردە موسڵمان و کوردە ئێزیدیەکان لە سنووری دهۆک و موسڵ دەژین.
ئامادەکردنی بابەت: #نادر ڕۆستەیی#
=KTML_Bold=سەرچاوەی زانیاریەکان:=KTML_End= ژمارەیەک بابەت لە ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت و سەردانی مەیدانی بۆ ناوچەکە. [1]