#مەسرور بارزانی#، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە #هەولێر# بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دەبێت حکومەتی ئێراق بە کردەوە ڕێگری لەو هێرشانە بکات.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرانبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم.
مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەدات: ئێمە باش لەو یارییانە تێدەگەین کە کەسانی لە یاسادەرچوو لە پشتیانەوەن، مافی ئەوەشمان هەیە بەرگری لە گەلەکەمان بکەین.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو ئێراق ببینێت و هەڵوێستی جددی هەبێت و بە کردەوە وەڵام بداتەوە. چونکە بێ هەڵوێستیی، میلیشاکان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی، ئەوان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیرکردنی هەموو وڵات و درووستکردنی شەڕ و ناکۆکی لە وڵاتێکدا کە خوێن ڕشتنی زۆری بەخۆیەوە دیتووە.
مەسرور بارزانی داوا لە سەرۆک وەزیرانی ئێراق، محەمەد شیاع سوودانی دەکات بە کردەوە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بۆ هێرش بەکاردەهێنرێن. [1]