ناونیشان: $بزووتنەوەی ژنان وەک بزووتنەوەیەکی زیندوو لەگەڵ هەوراز و نشێوەکانی$
نووسین: #مینا نیعمەتی#
ناوەرۆک: ژنان
$درێژەی بابەت$
زیاتر لە چڵ ساڵ لە دەستبەکاربوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دەسەڵاتێکی دژەمرۆیی لەسەر بنەمای ئایینی تێپەردەبێت، لەو چەند دەیەیەدا ھیچکات ژنانی ئێران و کوردستان دەستیان لە داواکارییەکانیان بۆ وە دەستخستنی مافەکانیان ھەڵنەگرتووە و چ لەماڵێ چ لە کۆمەڵگەدا بە بەردەوامی لە شۆڕشدان.
لەو ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی دەستبەکاربووە و بە پێی ئەوەی یاساکانی شەریعەت و ئایین وەک بنەمای یاسادانان لە ئێران و ھەروەھا کوردستانی داگیرکراو پەیڕەکراوە، ژنانی ئێران مافی بڕیاردانیان لە ھەموو بوارەکان و قۆناغەکانی ژیانیان لەدەستداوە، وەک (مافی تەلاق، مافی سەرپەرەشتی منداڵ، مافی وەرگرتنی پێناس و پاسپۆرت و تەنانەت مافی پۆششیان نییە.)
ئەوەی لێرەدا مەبەستی ئەو وتارەیە مافی پۆشش یان خود لەبەرکردنی جلوبەرگە، هەڵبژاردنی جلوبەرگ مافی سەرەکی و سەرەتایی هەر مرۆڤێکە و ئەگەر حکوومەتێک تەنانەت ئەو مافەشت لێ بستێنێت ئەوە ھەنگاوێکی مەترسیدارە و ئاکارەکانی لێزەوتبوونی ئەو مافە تەنانەت لەسەر بیر و ڕوانینێکی ئازاد و قسە کردن و بەشداری سیاسی کاریگەر دەبێت، کە وایە پەچە (حیجاب) تەنیا بە مانای سەرپۆشێک نییە، مافی جۆری پۆشش مافێکی سەرەکی و بێ ئەملاوئەولای ھەر مرۆڤێکە، دیارە لەسەر ئاستی جیھاندا ڕێگەیەکی سەخت و ڕەنگە دوورودرێژ ھەبێت تا گەیشتن بە کەنارێکی ئارام بۆ یەکسانی جەندەریی، بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی جیھان ئەو مافە چەسپاوە و ئەو کێشەیە تا ڕادەیەکی زۆر چارەسەربووە، تەنانەت پێش کۆماری ئیسلامی و لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕێژیمی پێشوودا ژنان ئازادی تەواویان بۆ لەبەرکردنی جلوبەرگیان ھەبوو بە واتایەکی تر، لەگەڵ ئەوەی ئازادیی سیاسی نەبوو بەڵام ئازادیی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی باشدا بەدی دەکرا. لەگەڵ ھاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی نەتەنیا ئازادیی سیاسی دەستەبەرنەکرا بەڵکوو ئازادی کۆمەڵایەتیش ڕۆژ لە پاش ڕۆژ بەرتەسککرایەوە، بە تایبەت ژنان کەوتنە مەترسی جیدییەوە. لە ڕۆژانی یەکەمی دەستبەکاربوونی ئەو دەسەڵاتەدا و پاش پەسەندکرانی یاسای پەچەپۆشی (حیجاب) ی زۆرەملێ، ژنان بە ھاتنەسەر شەقامەکان و لە بەرانبەر ئەو مافە خوراوەیان بێدەنگ نەبوون و بەردەوام لە دەورەگەلی جۆراوجۆر و لە ھەر دەرفەتێک کەڵکیان وەرگرتووە تا ئەو مافەیان بەدەست بھێننەوە. بیانووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ حیجابی زۆرەملێ بۆ شەرعی ئیسلام دەگەڕێتەوە کە گۆیا حیجاب دەتوانێت بەر بە جووڵانی هەستی جینسیی پیاوان بگرێت، بە واتایەکی تر پیاو وەک بوونەورێک پێناسە دەکرێت کە لەسەر بنەمای غەریزەکانیان دەژین و بە دیتنی دیمەنی پرچی ڕووتی ژنێک یان خود ئەندامی ناتوانن پێش خۆیان بگرن و تووشی گوناح و تاوان دەبن. واتە حیجاب بێ ڕێزی کردن بە پیاوانیشە بەو مانایای کە ئەوان وەک ڕەگەزێکی لاواز پێناسە دەکات کە ناتوانن خۆیان کۆنترۆڵ بکەن بۆ ئەوەی دەستدرێژی نەکەنە سەر ژنان. هەر بەو هۆیەشچاوەڕوان دەکرێت کە پیاوانیش بەرانبەر بەو جۆرە توندوتیژیانە بێدەنگ نەبن و هاوڕێ و هاوبیر و هاوخەباتی ژنان بن.
ئەمساڵیش لە ڕۆژی#12-07-2022# هاوکات لەگەڵ حەوتووی «حیجاب و عیفاف» کۆمەڵێک لە ژنان و چالاکانی مافی ژنان وێنەی خۆیان بێ ڕووپۆش لەناو سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە لە زۆربەی ئەو ڤیدیویانەدا پیاوانیش هاوشانی ژنان لە شەقامەکان درووشمی حیجاب بێ حیجابیان دەوتەوە. ئەوەش ترسێکی زۆری خستە دڵی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە و دەستیان دایە دەستبەسەرکردن و ئازاری خەڵک و پێویستیانە حەوتووی حیجاب و عیفاف بۆ دوو حەوتوو درێژ بکەنەوە.
حیجاب چ بەزۆر بێت و چ بە داخوازی کەسەکە هێمای هەڵاواردنی ڕەگەزی، کۆیلەیەتی، بێ مافی و سووکایەتی کردن بەژنە. حیجاب ئاڵای کۆماری ئیسلامییە وەک دیاردەیەکی قیزەون بە کارنامەی ڕەشی زیاتر لە 40 ساڵ بکۆژی، دەستدرێژی، ئەشکەنجە، سێدارە، بەردەبارانەوە گرێدراوە.
کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵی داوە لە بەرانبەر بزووتنەوەکان پاشەکشە نەکات و بەردەوام سەنگەری خۆی توندوتۆڵتر کردووە، لە کاتێکدا کە لە سێ مانگی پێشوو ئاستی هەڵاوسانی ئابووری و بێکاری و گرانی بێ وێنە بووە و تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران وەک مامۆستایان ، خانەنشینان ، کرێکاران و ژنانی خاوەن هەڵوێست بە بەردوامی لەسەر شەقامەکان بۆ گەیشتن بە مافی خۆیان ئامادە بوون و درووشمیان بەدژی کۆماری ئیسلامی داوە. نوێنەری خامنەیی لە دوایین وتاری سەبارەت بە حەوتووی حیجاب و عیفاف وتوویەتی، حیجاب سەنگەری یەکەمی ئیسلامە و هیچ کات ڕێگەی بەهاشکێنی نادەین، هۆکاری ئەو قسەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خۆیان دەزانن کە ئەگەر ژنان بە پاڵپشتی پیاوان بۆ لەناوبردنی سەنگەری یەکەمی حکوومەتی ئیسلامی واتە حیجابی زۆرەملێ یەکگرتووبن، بێ گۆمان بە ورەیەکی زیاتر سەنگەرەکانی دیکە بۆ گەیشتن بە مافەکانی دیکەیان وەکوو مافی تەڵاق ، میراتی بەرابەر، دەرفەتی کار و مافی سەرپرشتی منداڵەکانیان دەبەزەێنن.
#31-07-2022#
[1]