ناونیشانی بابەت: ڕواندز: شوێنەواری ئاشێکی ئاوی بۆ زیاتر لە دوو سەدە لەمەوبەر دەگڕێتەوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، لە سەردەمی #میرنشینی سۆران#، چەندین قەڵا و قوللە و پرد و کارگە و ئاشی هاڕینی دانەوێڵە لە سنووری شارۆچکەی #ڕواندز# هەبوونە، یەکێک لەوانە (ئاشی میری سۆران) ە، کە زیاتر لە دوو سەد ساڵ لەمەوبەر، لە گەڕەکی پاشای گەورەی ڕواندز، بە فەرمانی میری سۆران لەلایەن وەستا برایمی ماویلی درووستکراوە، تا ئێستا بناغەی ئاشەکە وەک شوێنەوارێکی مێژوویی ماوەتەوە.
لەمبارەیەوە م. سامان عەزیز، نووسەر و لێکۆڵەری مێژوویی، دانیشتووی گەڕەکی پاشای گەورەی ڕواندز (کاولۆک) بە (باسکورد) ى ڕاگەیاند: لە سنوورەکەمان چەندین ناوچەی شوێنەواری مێژوویی گرنگ هەن، زۆربەشیان لە سەردەمی #میر محەمەد پاشای گەورە#ی ڕواندز، میری میرنشینی سۆران بنیات نراون، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانیی میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز، بۆ زیاتر لە دوو سەدە لەمەوبەر، کە حوکمڕانیی ئەوکات هۆکاری بەرفراوانبوونی دەسەڵاتەکەی بووە، مەبەستی ئەوە بووە سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، چونکە ناوچەیەکی فراوانی لەبەردەستدا بووە.
وتیشی: لەگەڵ درووستکردن و بنیاتنانی قەڵا و قوللە و پرد و شوورا و چەند کارێکی دیکە، بۆ بوژانەوەی ناوچەکە و بەرگریکردن لە میرنشینەکەی، هەوڵی داوە چەند ئاشێکی ئاوی لە سنوورەکە درووست بکات، بۆ هاڕینی گەنم و جۆ و دانەوێڵە، کە تەنیا لە سنووری ڕواندز زیاتر لە هەشت ئاشی لەم جۆرەی لەسەر دەستی وەستای کارا و لێزان وەستا برایمی ماویلی درووستکردوون، یەکێک لەوانەش بریتی بووە لە (ئاشی میری سۆران) ، لە گەڕەکی پاشای گەورە (کاولۆکان) ، کە تا ئێستا بەردی بناغە و شوێنەوارەکەی بەدیاری ماوەتەوە و پێویستە پارێزگاری لەم جۆرە شوێنەوارە مێژووییانە بکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا: سەردەمی خۆی وەک ئێستا پێشکەوتوو نەبووە، بۆیە ئاشەکان لەنزیک ڕووبارەکان درووستکراون و بەهۆی بەردانەوەی ئاو بۆ ناو قۆتەرەی، ئاشەکە بەگەڕ خراوە و کاری کردووە، بۆ نموونە، ئاشی میری سۆران دەکەوێتە پاڵ ڕووباری #کاولۆکان#، بە درووستکردنی جۆگەیەک بەدووریی زیاتر لە کیلۆمەترێک ئاوی بۆ ڕاکێشراوە، بەشێوەیەکی لێزانانە و سەرکەوتوانە کارەکە کراوە، هەروەها ئەو بەرد و پێکهاتانەش کە بەکار هێنراون، توانای سەدان ساڵ بەرگرییان هەبووە.[1]