مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەری لە #کەرکووک#؛ بەشی چوارەم
شوان خورشید
کەرکووک لەگەڵ پێشکەوتنەکانی لە بواری پیشەسازی نەوت و کشتوکاڵ و بازرگانی دا، لە بوارە جۆراوجۆرەکانی تریش پێشەنگ بووە. یان بەلای کەمەوە لە هەوڵی ئەوەدا بووە. دانەبڕێت و شتێک لە دەلاقەی پێشکەوتنەکانی بەرببڕێت، بۆیە لەم بەشەش دا هەوڵ ئەدەین خوێنەر ئاشنای چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەی ڕابردوو بکەین.
٭ (ٱبداع کرکوک)
بڵاوکراوەیەکی مانگانەی ڕۆشنبیری بووە. کۆمەڵێک لە شاعیران و لاوانی شانۆکار لە ئەنجوومەنی لاوانی (ٱلتامیم) بە زمانی عەرەبی دەریان کردووە، بەسەرپەرشتی (محمد خضر) ژمارە یەکی لە کانونی یەکەمی 1999 کانونی دووەمی 2000 بە بیست و دوو لاپەڕە دەریانکردووە، تا وەستانی لە ساڵی 2003 تەنیا حەوت ژمارەی لێ چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
٭ گۆڤاری سۆراغ
گۆڤارێکی وەرزی بووە. لەلایەن لقی کەرکووکی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان _ ئێراق هاتۆتە دەرکردن، ژمارە سفری لە مانگی کانونی دووەمی 1996 بڵاوکراوەتەوە.
٭ (الهلال)
گۆڤارێکی مانگانە بووە. بە زمانی عەرەبی، نووسینگەی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی لقی کەرکووکی (جمعیة الهلال الاحمر العراقي) بڵاوکراوەتەوە، ژمارە یەکی لە 15-07-1996 دەرچووە، سەرنووسەرەکەی دکتۆرە یاسەمین عەبدولواحید بووە.
٭ (صوت التٱمیم)
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری سیاسی بووە. بەشی ڕاگەیاندنی پارێزگای کەرکووک بە زمانی عەرەبی دەریان دەکرد، کە زیاتر بایەخی بەهەواڵ و چالاکی پارێزگای کەرکووک دەدا، یەکەم ژمارەی لە 03-12-1997 بەچوار لاپەڕە چاپ و بڵاوکرایەوە، لە تەمەنی بڵاوکراوەکە دا تەنیا سیانزە ژمارەی لێ دەرچووە، تا تەمموزی 1999 بەردەوام بووە.
٭ ڕۆژنامەی (صوت التآمیم)
ڕۆژنامەیەکی هەفتانە بوو گرنگی بە لایەنی ڕۆشنبیری و هونەری و ئایینی و وەرزشی و کەلەپووری پارێزگای کەرکووک دەدا، زیاتر لە 90 ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە بە زمانی عەرەبی، لە ژمارە 45وە لاپەڕەیەکی بۆ زمانی کوردی و تورکمانی تەرخان کرا، سەرنووسەرەکەی عەبدولحەمید سافی عانی بوو، ژمارە یەکی لە 07-11-1997 چاپ و بڵاوکرایەوە، هەریەکە لە ڕزگار شوانی، سداد هاشم، عماد شاهیری، ڕەعد مەتشر، ڕەعد ئەلشاتی، یەحیا قاسم ، عەبدولعەزیز سەمین بەیاتی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەکە بوون.
٭ هەواڵنامەی کەرکووک
لەلایەن بەشی ڕۆشنبیریی کۆمەڵەی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی پارێزگای کەرکووک چاپ و بڵاوکراوەتەوە، ژمارە یەکی لە تەمموزی 1998 کەوتۆتە بەر دیدەی خوێنەران، بابەتی هەواڵنامەکە گرنگی بە وتاری کۆمەڵە دەدا کە لە بۆنە جیاوازەکان دا دەخوێنرایەوە، لەگەڵ دەنگووباس و یادی کارەساتی ئەنفال و کیمیاباران و بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە لەسەر تاوانی ئەنفال لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان.
٭ گۆڤاری ئەنفال
گۆڤارێکی لێکۆڵینەوە و دیکۆمێنتاری وەزارەتی ڕۆشنبیری بووە، خاوەنی ئیمتیازی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، سەرنووسەری دڵشاد تاڵەبانی و دەستەی نووسەرانی هەریەکە لە #لەتیف فاتیح فەرەج# و #عارف قوربانی# و #عەدالەت عەبدوڵڵا# و تەها سلێمان بوون، ژمارە یەکی لە ساڵی 2000 بڵاوکرایەوە، بەشی ئینگلیزیەکەی محەمەد حەمەساڵح بەشە عەرەبییەکەی شەهاب قەرەلوسی سەرپەرشتیان دەکرد.
٭ چارەنووس
ڕێکخراوی ئاوارە و ئەنفالەکانی کوردستان وەک بڵاوکراوەیەکی سیاسی و ڕۆشنبیری گشتی دەریان دەکرد، مانگانە ژمارەیەکی لێ چاپ و بڵاو دەکرایەوە، خاوەنی ئیمتیازی زەمان عەبدە محەمەد ئەمینی و سەرنووسەرەکەشی خالید کاوێز قادر بوون.
٭ ڕووناکبیری
بڵاوکراوەیەکی سیاسی ڕووناکبیری گشتی مانگانە بوو، مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکووکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# دەری دەکرد، خاوەنی ئیمتیازی مەڵبەندی کەرکووک بووە سەرنووسەری بەهجەت ڕەئوف و جێگری سەرنووسەری لەتیف فاتیح فەرەج و بەڕێوەبەری نووسینی عارف قوربانی بوو، ژمارە یەکی لە حوزەیرانی 2000 بڵاوکرایەوە بە دوانزە لاپەڕە.
٭ بڵاوکراوەی (تەعریب)
وەک بڵاوکراوەیەکی سیاسی بەڵگەنامەیی سەربەخۆی مانگانە تایبەت کرابوو بە ناوچە (تەعریب) کراوەکان، بە شانزە لاپەڕە چاپ دەکرا، تایبەت کرابوو بەو ناوچانەی لەژێر هەڕەشەی پڕۆسەی (تەعریب) کورد لە زێدی خۆی میوان بوون و داگیرکەرانیش خاوەنماڵ.
٭ ڕووناکی
لە شێوەی گۆڤار وەک بڵاوکراوەیەکی سیاسی ڕۆشنبیری گشتی بە کوردی ڕێکخستنەکانی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەریان دەکرد، خاوەنی ئیمتیازی ڕاپەڕ عارف و سەرنووسەرەکەی عادل عەلی بوون، ژمارە یەکی لە حوزەیرانی 2000 بڵاوکرایەوە، ژمارە 10شی لە 2001 لە #دەربەندیخان# کەوتە سەر ڕەفەی پەرتووکخانەکان.
٭ (الذهب الاسود)
بڵاوکراوەیەکی پزیشکی و زانستی مانگانە بوو، بنکەی فێرکردنی پزیشکی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی پارێزگای کەرکووک بە عەرەبی و ئینگلیزی دەریان دەکرد، سەرنووسەرەکەی دکتۆر حەمید محەمەد عوبێد و بەڕێوەبەری نووسینی دکتۆر ئەیاد گۆرگیس بوون، بە 41 لاپەڕەی قەبارە بچووک ژمارە یەکی لە کانونی دووەمی 2001 چاپ کراوە و گەیشتۆتە دەستی خوێنەران.
٭ ڕۆژنامەی (حقوق الانسان)
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و دیموکراتی لقی کەرکووک دەریان دەکرد بە دوو هەفتە جارێک، ژمارە یەکی لەتەمموزی 2002 بە زمانی عەرەبی بڵاوکرایەوە، سەرنووسەری عزەدین شەفیق ئەلمحەمەدی بوو.
٭ پاشکۆی کەرکووک
ئەم پاشکۆیە تایبەت بوو بە یادی یازدە ساڵەی ڕزگارکردنی شاری کەرکووک.
٭ بڵاوکراوەی کەرکووک
وەک بڵاوکراوەیەکی پزیشکی، نەخۆشخانەی پزیشکی سەربازی کەرکووک بە زمانی عەرەبی بڵاودەکرایەوە، بەسەرپەرشتی عەمیدی پزیشکی دکتۆر (نصیر سعدون الجبوري) ، ژمارە یەکی لە حوزەیرانی 2002 چاپ و بڵاوکراوەتەوە کە گرنگی بە بواری پزیشکی سەربازی دەدا.
٭ ڕۆژنامەی (صوت الطلبة الحر)
ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی سەربەخۆ بوو، گرنگی بە دەنگی خوێندکاران دەدا لە بوارەکانی زانست و ڕۆشنبیری و بیروباوەڕی خوێندکاری دا، بەهەشت لاپەڕە چاپ و بڵاو دەکرایەوە، سەرنووسەری پشتیوان محەمەد شەریف بوو ژمارە یەکی لەکانونی دووەمی 2003 دەرچووە.
٭ نەوشەفەق
گۆڤاری نەوشەفەق بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری مانگانە بوو دەزگای شەفەقی ڕۆشنبیری لە کەرکووک دەریکردووە ژمارە یەکی لە نیسانی 2003 دەرچووە، خاوەنی ئیمتیازی فەلەکەدین کاکەیی بوو لەگەڵ سەرنووسەری حەمەکەریم عارف، یەکێکە لە گۆڤارە باش و بەئەزموونەکانی کەرکووک لەبەردەوامی دایە.[1]