ئەمڕۆ دووشەممە #08-01-2024# بەڕێز #نێچیرڤان بارزانى#، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە دیدارێکى ماڵاواییدا بەبۆنەى کۆتاییهاتنى ئەرکەکەیەوە لە ئێراق، سوپاسى بەڕێز ئێریک شۆڤالیێ، باڵیۆزى فەرەنساى لە ئێراق کرد بۆ کار و هەوڵەکانى لەپێناو برەودان بە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ ئێراق و هەرێمى کوردستاندا، هەروەها هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکى تازەدا بۆ خواست.
هەردوولا جەختیان لە خواستى دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و دۆستایەتیى فەرەنسا لەگەڵ ئێراق و هەرێمى کوردستان کردەوە، هەروەها تیشکیان خستە سەر پەیوەندییەکانى #هەولێر# #بەغدا# و بەردەوامیى گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوانیان.
لاى خۆیەوە بەڕێز شۆڤالیێ سوپاس و پێزانینى بۆ هاریکاریى هەرێمى کوردستان لە سەرخستنى ئەرکەکەى لە ئێراق و هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و هیواى خواست هەمان هاریکارى لەگەڵ باڵیۆزى داهاتووى فەرەنسا لە ئێراق بەردەوام بێت.
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا کە بەڕێز یان برێم کونسولى گشتیى فەرەنسا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو، باس لە دۆخى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، دەرەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە ئێراق و ناوچەکانى مادەى 140 و دوایین پێشهاتەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ناوچەکە بەگشتى کرا. [1]