یارم تەشی دەڕێسێ
زولفی ڕەشی لەسەر ڕوو، وەک نیلووپەڕ لە ئاوا
پەخش و بڵاو و ئاڵۆز، لوول و درێژ و تاتا
هاوریشمێکی خاو بوو، بە ناز و عیشوە بای دا
وەک ماری زامدار بوو، هاڵا لە بەژن و باڵا
کۆشی دەکرد بە لادا، یارم تەشی دەڕێسێ
کوانێ خوری شەکی کاڵ، بکڕم بە ڕۆحی شیرین؟!
بیدەم بە دەستی یارم، بایدا بە ناز و تەمکین
شی کاتەوە بە شانە، بە قامکی نەرم و ڕەنگین
بیدا ئەویش بە نووکی تەشی جوان و نەخشین
بۆ پارچەیەکی پەشمین، یارم تەشی دەڕێسێ
مەحبووبی نازدارم، گرتی تەشی بە دەستی
ڕیسی موحەببەت و مەیل خاو بوو، بە کرژی ڕستی
گرێی دڵان پساندی، بە لێو و دەستی بەستی
توولی ئەمەل درێژ بوو، سەنگینی کرد و خستی
بۆی دانەوی بە چوستی، یارم تەشی دەڕێسێ
لە باغی سێو و هەرمێ، قەدەم قەدەم بە نەرمی
دەچێتە پێش لە گوڵزار بە سەبرێ، جوانە شەرمی
لە باوەشی بەپیتی، دەگرێ دڵان بە گەرمی
بولبول دەهاتە سەیری، لە کاتی بەزم و ڕەزمی
بەو لار و لەنجە حەتمی، یارم تەشی دەڕێسێ
کۆڵان و کووچەیی دێ، دەڕوا بە ناز و عیشوە
دەگرێ لە پیر و لە جوان، ئەو شۆخە باج و ڕیشوە
جحێڵ بە زولفی لوولی، دەکا لغاو و ڕەشوە
بەو مەکر و فێڵ و حیلە، وەدیارە مەیلی بە شوە
فکرێکی بیکری کردووە، یارم تەشی دەڕێسێ
هۆنراوەکەی من ئەوچەل، خاوێن و بێ بنووکە
وا ڕیسەکەی بە دەستی مەستێکی تازەبووکە
ڕازیم بە سەردڕی وی، دا پێی بڵێن بە سووکە
دەیکەم بە چۆغە بۆ خۆم، بیڕێسە هەستە زووکە
تۆزێ بەنووکەنووکە، یارم تەشی دەڕێسێ
کاکی «ئیمامی»! ڕەنگە چۆغەت هەموو دڕابێ
بە شێتی ڕیسی ڕستی، مەعلووم دەبێ پسابێ
پرسە لە کاکی جۆڵا، داخۆ لەبۆی کرابێ؟
دوێنێ گلەم کە لێ کرد، ڕەنگە دڵی شکابێ
قەی ناکە، بێ بەڵا بێ، یارم تەشی دەڕێسێ
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]