یاریزانی #هەولێر# و #یانەی شەتڕەنجی خانزاد# (#پۆڵا ئازاد# ) تەمەن 18 ساڵ بووە بچوکترین هەڵگری نازناوی ڕاهێنەری نێودەوڵەتی لە پلەی NI (National instuctor) لە مێژووی ئێراق و هەرێمی کوردستاندا دوای بەشداری کردنی لە خولی ڕاهێنەرانی نێودەوڵەتی کە ئەکادیمیای یەکێتی شەتڕەنجی ئاسیا لقی هەولێر کە بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی شەتڕەنجی ئێراق لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دا.
یاریزانی نێودەوڵەتی (پۆڵا ئازاد) یەکێک بوو لەو 17 کوردەی کە بەشداریان لە خولی نێودەوڵەتی بۆ پێگەیاندنی ڕاهێنەران کردبوو، کە تێدا 40 ڕاهێنەر لە 5 وڵاتی جیاواز بەشداربوون بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی نێودەوڵەتی ڕاهێنەرایەتی، لەژێر چاودێری یەکێتی شەتڕەنجی جیهانی FIDE و بە ئامادەبوونی دوو وانەبێژی نێودەوڵەتی باوەڕپێکراو (ئەمیر ڕەزا) لە وڵاتی ئێران و (مانڤێل ئاڤتسیان) لە وڵاتی ئەرمینیا، لەم بارەشەوە پۆڵا بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: بۆ من شانازییەکی گەورەیە کە توانیم ببم بە بچووکترین ناوبژیوانی یاری شەتڕەنج دەمەوێ لە ماوەی داهاتوودا هەم وەکوو یاریزان و ڕاهێنەریش خزمەتی یاری شەتڕەنج بکەم لە شاری هەولێر، ئەوەی لە توانام دابێت بۆ پێشکەوتنی ئەم یارییە لە پارێزگای هەولێر ئەنجامی دەدەم، یاری شەتڕەنج یەکێک لە یارییە گرنگەکانە لەسەر ئاستی وڵاتانی دونیا، هەوڵیش دەدەم زۆرترین کەس فێری ئەو یارییە بکەم و هانیان بدەم بۆ ئەوەی بتوانین بۆ داهاتوو زۆرترین خەڵک پەلکێشی نێو ئەم یارییە بکەین.
[1]