ڕۆژی یەکشەممە #14-01-2024# لە سەڵاحەددین سەرۆک #مەسعود بارزانی# پێشوازیی لە ئانو سارێلا، باڵیۆزی نوێی فینلەندا لە ئێراق کرد.
لە دیدارەکەدا باڵیۆزی فینلەندا دڵخۆشیی خۆی دەربڕی بە سەردانکردنی بۆ هەرێمی کوردستان و سەقامگیری و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند.
لە درێژەی دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی ئێراق و ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و #بەغدا# ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرایەوە.
سەرۆک بارزانی، سوپاسی باڵیۆزی فینلەندای کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و سوپاسی گەل و حکوومەتی فینلەندای کرد لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و هەروەها ستایشی ڕۆڵی هێزەکانی فینلەندا و هاوپەیمانانی کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پێشکەشکردنی هاوکاریەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت لە سەقامگیری ئێراق.
باڵیۆزی فینلەندا ڕۆڵ و ئەزموونی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی لە ئاستی ناوچەکەدا بەرز نرخاند. [1]