سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی #کوردستان# دەڵێت: لە ھەرێمی کوردستان 16 ھەزار ھەنگەوانمان ھەیە، ئێستا دوای دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوە بۆ ھەنگوینی کوردستان و هەناردەکرنی بەناوی کوردستان وای کردووە خەڵک ئەمساڵ 2024 زیاتر ڕوو لە کاری ھەنگەوانی بکەن، چونکە پێشتر خەڵک خۆی ھەنگوینی دەفرۆشت و کۆمپانیا و وڵاتان بەناوی خۆیان ھەنگوینەکەیان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا بەشێوەی فەرمیی و بەناوی کوردستان ھەنگوین ھەناردە دەکرێت بۆ وڵاتانی کەنداو ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: لە ھەرێمی کوردستان ھەرچەندە ساڵی ڕابردوو بەھۆی خراپی کەش و ھەوا بەرھەمی ھەنگوین وەکوو پێویست نەبوو، ئەوەی ئێمە کارمان لەسەر کرد بەرھەم دەگەیشتە 350 تەن، ئامارێکیش ھەبوو باسی لەوە دەکرد بەرھەم 500 تەن بوو و پێداویستی ناوخۆش دەگاتە 500 تەن، بەڵام خەڵکی ئێمە وەکوو وڵاتان ھەنگوینخۆر نین و تەنیا 8%ی ھەنگوین دەخۆن بۆیە ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی بەرھەم زیاتر بێت و ھەناردەی دەرەوە بکرێت، چونکە #حکومەتی هەرێمی کوردستان# ئێستا #ھەنگوین# لە ڕێگەی دوو کۆمپانیا بەفەرمیی و بە ناوی کوردستان بۆ وڵاتانی کەنداو ھەناردە دەکات، کە پێشتر ھەنگوین کوردستان ھەناردە دەکرا و کۆمپانیاکان بەناوی خۆیان دەیانفرۆشت کە ھەنگوینی کوردستان باشترین ھەنگوینە.
عارف شێروانی وتیشی، لە ھەرێمی کوردستان 16 ھەزار ھەنگەوانمان ھەیە و لەمەودوا ھەنگوین ترسی ئەوەی نابێت ساخ نەبێتەوە و بازاڕی لە دەرەوە بۆ دۆزراوەتەوە، ئەمەش وای کردووە ئەمساڵ خەڵکێکی زۆر بێن داوا بکەن ھەنگ بەخێوبکەن، بۆیە بڕیارە خول و ڕاھێنانیان بۆ بکرێتەوە بەتایبەت ئەوانەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی زانستی ھەنگ بەخێو بکەن و ببنە خاوەن کاری خۆیان و ئێمەش ھەموو ئاسانکاری و ھاوکاریەکیان دەکەین.
شێروانی باسی لەوەشکرد: سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین بازاڕی وڵاتانی بەڕووی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستاندا کردەوە و چیتر ترسی ئەوەمان نابێت ھەنگوینمان ساخ نەبێتەوە لە بازاڕ، ئەمە ھاندانێکە زیاتر پەرە بە کارەکانی خۆمان بدەین و بەرھەمی ھەنگوین زیاتر بکرێت، چونکە ئێمە زیاتر کار لەسەر بەرھەمھێنانی ھەنگوینی سرووشتی دەکەین تا لە پشکنین دەربچێت، بۆیە پار (2023) چەند تەنێک ھەنگوین ھەناردە کرا، ئومێدەوارین ئەمساڵ (2024) بتوانین بەرھەمێکی باش ھەناردە بکەین. [1]