#ئەمەل جەلال محەمەد سەعید# سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، قەبارەی وەبەرهێنان لە بواری گەشتیاری نزیکەی حەوت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە، لە ساڵی ڕابردوشدا بەڕێژەی 20% هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچەکانی هەرێم ڕووی لە زیادبوون کردووە.
ئەمەل جەلال لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا حەوت ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار هاتونەتە هەرێمی کوردستان و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی 20% ژمارەی گەشتیاران بەرز بووەتەوە، هەروەها گەشتوگوزاری ناوخۆیی زیاتر بوژاوەتەوە و لە ساڵی 2023 دا زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار و سەردانیکاری ناوخۆیی تۆمارکراون.
پەیوەست بە وەبەرهێنان لە سێکتەری گەشتیاری، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو قەبارەی وەبەرهێنان لە بواری گەشتیاری بریتی بووە لە حەوت ملیار و 409 ملیۆن و چوار هەزار و 760 دۆلار، بەوپێیە سەرمایەی وەبەرههێنان لە بواری گەشتیاری لە پێش هەموو سێکتەرەکانی دیکەوەیە و لە پلەی یەکەم دێت بە ڕێژەی 42.88%.
هاوکات لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ژێرخان و خزمەتگوزاری گەشتیاری، ئەمەل جەلال باسی لەوە کرد، تەنیا لە ساڵی 2023 دا بە بودجەی یەک ملیار و 278 ملیۆن و 481 هەزار و 415 دینار 27 پڕۆژە جێبەجێکراون.
سەبارەت بە ڕەخساندنی هەلی کار لە کەرتی گەشتوگوزار، ئەمەل جەلال باسی لە دامەزراندنی پۆلیسی گەشتیاری، پێگەیاندنی ڕێبەری گەشتیاری، کارکردن بە ڕێنمایی بەکارخستنی دەستی کاری ناوخۆیی بە ڕێژەی 75% و دامەزراندنی زیاتر لە 100 فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان کرد. [1]